سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ پەیجێکی سۆشیال میدیا تۆمار ناکرێت ئەگەر وێبسایتێک و ئۆفیسێکی نەبێت ئەو کات بەشێوەیەکی فەرمی تۆمار دەکرێت.
کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: دەرهێنانی مۆڵەت بۆ پەیجە هەواڵییەکان تا ئێستا لای ئێمە بەو جۆرەیە کە دەبێت وێبسایتێک و ئۆفیسێکی تایبەت بە خۆی هەبێت خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری هەبێت، بە مەرجێک سەرنووسەر ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بێت یان دەزگایەکی میدیایی پاڵپشتی بکات.
وتیشی: “ئەو پەیج و وێبسایتانەی خۆیان تۆمار دەکەن، سەندیکای رۆژنامەنووسان پاڵپشتیان دەکات بۆ ئەوەی لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کەیسێک بە یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت”.
باسی لەوەشکرد: هەر پەیجێک خۆی تۆمار نەکات و وەک سێبەر ئیش و کار بکات و ڕۆژانە کاری ببێتە لێدان لەم کەس و ئەو کەس، لەکاتی دەرکەوتنی خاوەنەکەی و دەستگیرکردنیدا بە یاسای سزادانی عێراقی یان یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، سەندیکاش پاڵپشتی ناکات.
لای خۆیەوە حاکم ئازاد حەمە ئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند: “داوامان لە ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان کرد سەندیکا ئازاد بکرێت پەیجەکان تۆماربکات تا ئەو رۆژەی بابەتەکە بە یاسا چارەسەر دەکرێت، چونکە شوورا لایەنێکی یاساییە و هەر بابەتێک یاسای بۆ دەرنەکرابێت مافی هەیە بڕیار بدات، ئەوانیش ئەو مافەیان پێداین لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 35دا تۆماریان بکەین”.
بە وتەی نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، تۆمارکردنی پەیجەکان تا ئەو کاتە دەبێت کە بابەتەکە بە یاسا لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستاندا چارەسەر دەکرێت.
ئازاد حەمەئەمین، ئاماژەی بە پێویستییەکانی تۆمارکردنی پەیج کرد و وتی: “هەمان ئەو شتانەی بۆ رۆژنامە و گۆڤار پێویستن دەبێت هەبن. هەر پەیجێک تۆمار بکرێت، دەبێت سەرنووسەرێکی هەبێت کە ئەندامی سەندیکا بێت یانیش بیسەلمێنێت کە رۆژنامەنووسە، هەروەها دەبێت خاوەنی ئیمتیازی هەبێت، دواتر تۆمارکردنی ناوەکە لە دوو رۆژنامەی رۆژانەدا بڵاودەکرێتەوە و پاشان بڕوانامەی تۆماری سەندیکا وەردەگرێت”.
لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان هەزار ئەندام ناویان تۆمار کردووە و دابەشی سێ بەش کراون مەشقکار، بەشدار و کارا.