وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی هەرێمی کوردستان دەداتەوە ڕایدەگەیەنێت کە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجەوە پابەند نەبووە و لەگەڵ ڕادەستنەکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیدا، نە تەوتینی تەواوکردووە و نە لیستەکانی مووچەشی بە پاکی بۆ بەغدا ناردووە.
وەزارەتی دارایی عێراق بە ڕاگەیەندراوێک وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی دایەوە سەبارەت بە کێشە داراییەکانی نێوانیان، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە بەبانکیکردنی مووچە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان هەژماری بانکیی بۆ سەرجەم مووچەخۆرەکانی نەکردووەتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕاشیگەیاند لیستەکانی مووچەی هەرێمی کوردستان، ناوی دووبارەی تێدایە و هەندێکیش دوو مووچە وەردەگرن و هەندێکی دیکەشیان لە هەرێمی کوردستان و فەرمانگەکانی حکومەتی فیدراڵیش مووچەیان هەیە.
ئاماژەشی داوە بەوەی لیستەکانی مووچەی هەرێمی کوردستان لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە جیاوازە و ئەو لیستانەش کە بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12ی 2024 ناردوونی دووبارەی زۆر تێدایە.
وەزارەتی دارایی عێراق جەختیشیکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیاری ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی نەبووە، کە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەرکراوە و تەنها 399 ملیار دیناری بۆ حکومەتی فیدراڵی ناردووە.
وەزارەتەکە داواشی لە لیژنەکانی دارایی و دەستپاکی ئەنجمەنی نوێنەران کردووە چاودێری هەرێمی کوردستان بکەن لە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجەدا.