مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا باسی لە كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم كردووە.
دەقی پەیامەكە:
هاووڵاتییانی خۆشەویست،
من و كابینەكەم لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و ئێوەی خۆشەویست سوێندمان خواردووە كە كار بكەین بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتمان و پاراستنی كیانی دەستووریی هەرێمی كوردستان، هەربۆیە لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە، وا ڕێككەوتین كە شوێنەواری دوو ئیدارەیی بسڕێتەوە و بڕیارەكانی حكومەت، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، بە یەك شێوە جێبەجێ بكرێن.
نابێت لە هیچ بەشێكی هەرێمی كوردستاندا، بڕیاری حیزبی یان تاكەكەسی، ڕێگە لە جێبەجێكردنی كار و بەرنامەی حكومەت بگرێت. من بە یەكسانی، سەیری سەرانسەری هەرێمی كوردستان دەكەم و خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر هەموو هاووڵاتیانی هەرێم لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا. بەڵام بەداخەوە، ڕێگری كراوە و كۆسپ بۆ حكومەتی هەرێم دروست كراوە، كە ئەمەش زیانی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانمان گەیاندووە.
نزیكەی دوو ساڵە، كێشەی كۆكردنەوەی داهات و نەمانی پارە لە بانكەكانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین هەیە. بەدواداچوونی ئەم كێشەیەمان كردووە و لێژنەیەك لە وەزارەتی دارایی و ناوخۆ، بۆ بەدواداچوونی ئەم كێشەیە پێكهێنرا، بەڵام كرۆكی ئەم كێشەیە ئەوەیە، كە هەندێك كەس و لایەن لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیان، دەست دەخەنە ناو پرۆسەی كۆكردنەوەی داهاتی ئەو سنوورانە، بۆیە هەر ئەو كەس و لایەنانە بەرپرسیارن لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بە هاووڵاتییان و دامودەزگاكانی حكومەت دەگات.
شەفافییەت ئەوەیە كە حكومەت، خۆی چاودێری لە سەر كۆی پرۆسەی كۆكردنەوەی داهاتەكانی بكات، نەك بە تەنیا ئاگاداری ئەو بەشە بێت كە بۆ حكومەت جیا دەكرێتەوە. لە سەرەتای ئەم كابینەیە، هەوڵمان داوە داهاتەكانی هەرێم ڕێكبخەینەوە و تا ئاستێكی باشیش سەركەوتوو بووین و هەر بەو هۆیەوە، توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتیی لە سەرەتای دەركەوتنی پەتای كۆرۆنادا تێپەڕێنین.
هاووڵاتییانی بەڕێز،
ماوەیەكە لە لایەن دامودەزگاكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە، كە هاوبەشێكی سەرەكیی ئەم كابینەیەن، وا باس دەكرێت كە ئابڵوقە لە سەر سنووری سلێمانی هەیە، هەموو شارەزایانی دۆخی دارایی هەرێم دەزانن كە داهاتی نەوت و هەروەها ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتووە، بە شێوەیەكی یەكسان دابەشكراوە و مووچەی كارمەندانی پێ دراوە، ئەوەی كە جێگەی هەڵوەستە بووە، داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم بووە كە بەشێكی زۆریشی داهاتی دەروازە سنوورییەكانە، بەڵام بەداخەوە، ڕێگە نەدراوە ئەم بوارە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە و ڕاپەرین ڕێك بخرێتەوە، بۆیە سەركردایەتی یەكێتی، بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لەو دەڤەرانە دروست بووە.
ئەگەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییانمان، لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی دابنرێت، ئەوا چارەسەریی ئەم دۆخەش ئاسانە و پلان و بەرنامەی كارامان هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و هەنگاوی باشیشمان نابوو بۆ چارەسەری، بەڵام بەداخەوە ڕێگری كرا لە جێبەجێكردنی و دواتریش كردەوەی تیرۆركردنی هاوكار جاف ئەو پرۆسانەی بە تەواوی پەك خست.
كێشە داراییەكان و بابەتی كۆكردنەوەی داهات، نزیكەی دوو ساڵە هەیە و دەیان كۆبوونەوە لە سەر ئەم بابەتە كراون و بەرچاوڕوونیی باش هەبووە بۆ چارەسەری. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەیە بۆ ناردنی هێزی هاوبەش بۆ دەروازە سنووریەكان، بەڵام یەكێتی نیشتیمانی ڕێگر بوو و هەڕەشەی ئەوەیان كرد كە ئەگەر ئەوە بكرێت شەڕی ناوخۆ ڕوو دەدات، بۆیە لەم كاتەدا، زەقكردنەوەی ئەم بابەتە، تەنیا بۆ ئەوە بووە تیشك نەخرێتە سەر بابەتی تیرۆركردنی هاوكار جاف لە جەرگەی پایتەختی هەرێمی كوردستان. هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە، هێمای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و تۆقاندن بوونە و ناكرێت لە ناوخۆی هەرێم، كەسانێك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانیان دەست بۆ تیرۆر ببەن.
لەم كەیسەدا، هیچ لایەنێكمان تۆمەتبار نەكردووە، تەنیا ناوی چەند كەسێكی تۆمەتبار هەیە كە دەبێت ڕادەستی دادگا بكرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، بە فەرمی نووسراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە سلێمانی كراوە. هەر لە سەرەتاوە، گوتوومانە با لێژنەی لێكۆڵینەوەی هاوبەش هەبێت و با لایەنی سێێەم، تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، بەشداری لە لێكۆلینەوەكە بكەن، بەڵام بەداخەوە، تا ئێستا وەڵامێك بۆ ئەم داواكارییە نیە. كەواتە كێشە داهات و دۆخی دارایی سلێمانی نیە، ئەوەی كە هەیە ئەوەیە، داوامان لێ دەكرێت كەیسی تیرۆری هاوكار جاف كپ بكرێت كە ئەمەشیان داواكارییەكی ناڕەوایە و نابێت هاووڵاتییانی هەرێم قبولی بكەن.
دۆخی ناوچەكە لێمان دەخوازێت كە كێشەكانمان چارەسەر بكەین و بەهێزەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین . لێرەدا لە پیناو بەرژەوەندیی گشتی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە، دەخەمە بەردەم ڕای گشتی و هەموو لایەنەكان:
یەكەم: لە بارەی كەیسی تیرۆركردنی هاوكار جاف كە هۆكاری سەرەكیی ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە، داوا دەكەم، سەرەتا تۆمەتباران ڕادەستی دادگا بكرێن و ئینجا با لێژنەیەكی هاوبەش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەكان بە ئامادەبوونی لایەنی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی پەرلەمانی كوردستان و یان هەر وڵاتێكی دۆست كە بخوازێت بەشدار ببێت، پێك بهێنرێت، تاكو هەرچی زووتر لیكۆڵینەوە لەگەڵیان دەست پێ بكرێت و ئەنجامەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێن.
دووەم: لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، داوا دەكرا بابەتی لامەركەزییەت و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات لە داهات و خەرجی جێبەجێ بكرێت، بۆیە ئەو دەسەڵاتە شۆڕكرایەوە. ئێستا لە لایەن تیمی وزاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، داوا دەكرێت خەرجییەكان بكرێتەوە مەركەزی، ئەگەر ئەمە داوا دەكرێت، پێویستە كۆكردنەوەی داهاتیش بكرێتەوە مەركەزی و پرۆسەی كۆكردنەوەی داهات بە تایبەت لە خاڵە سنووریەكان، لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری چڕی مەركەزی بێت. بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە هاوئاهەنگیی لە نێوان وەزارەتەكانی دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە هەبێت تاكو ڕێگە لە قاچاخچێتی و دەستبردن بۆ داهاتی دەروازە سنووریەكان بگیرێت و پێكهێنانی هێزێكی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە زۆر پێویستە.
سێیەم: پێویستە كۆسپ بۆ پرۆسەی چاكسازی و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دروست نەكرێت. لەم كابینەیەدا، بە كردەوە هەنگاومان بۆ چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە و یەكگرتنەوەیان ناوە و دەبێت هێزی پێشمەرگە، ببێت بە هێزێكی نیشتیمانیی بەهێز بۆ بەرگری لە كیانی دەستووریی هەرێم و دوورخستنەوەی هەڕەشەكان، دوور لە ئەجێندای حیزبی و تاكەكەسی.
چوارەم: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێم، پێویستە هەرچی زووتر، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی خۆی ساز بكات بۆ كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردن ، تاكو بە كردەوە، هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن بنرێت و پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەبچێت و ئێمە لە حكومەتی هەرێم، ئامادەین هەموو پێداویستییەكانی هەڵبژاردن، لە زووترین كاتدا دابین بكەین.
پێنجەم: دەبێت لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەت، وەك حیزب، پاڵپشتی حكومەتی هەرێم بن و نابێت لە ناو حكومەت بن و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن. پێویستە وەزیر و تیمە وەزارییەكانیش، جێبەجێكاری ئەجێندای حكومی بن و نابێت كێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەكان بگوازنە ناو حكومەت. دەبێت كێشە سیاسییەكان، لە دەرەوەی حكومەت هەوڵی چارەسەركردنیان بدرێت نەك كاری حكومەت پەك بخەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2023/1/15