لە ئیستەنبوڵ 33 كەس بەهۆی خواردنەوەی مەی ساختەوە گیانیان لەدەستدا



لەم هەفتەیەدا و لەماوەی چوار ڕۆژدا 33 كەس لە ئەستەنبوڵ بەهۆی خواردنەوەی مەی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە و 48 كەسی دیكەش لە نەخۆشخانەكان چارەسەر كراون. ئەم ڕووداوە وایكردوە مشتومڕە سیاسییەكە لەسەر بەرزبوونەوەی باجی كحول و مەی لە توركیا زیندوو ببێتەوە.

زیادبوونی حاڵەتەكانی گیان لەدەستدان بەهۆی خواردنەوەی خواردنەوە كحولییە نایاساییەكانەوە بوونە سەردێڕ لە توركیادا، لە وڵاتێكدا كە باجی سەر خواردنەوە كحولییەكان لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادبوون، ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی خواردنەوە كحولییە ساختە نایاساییەكان.

میدیایەكی ناوخۆیی باس لەوە دەكات، چەندین كەس لە قوربانییەكان دوای ئەوە گیانییان لە دەستداوە كە كحولییان لە دوكانێك كڕیوە كە خۆی وەكو ڕێستۆرانتێكی توركی پیشان داوە و خواردنەوە كحولییەكەی لە بوتڵی ئاوی نیو لیتریدا فرۆشتووە بە 30 لیرە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی (فرانس پرێس) كڕینی بوتڵێك خواردنەوەی كحولی ڕاكی لە سوپەرماركێتێك 1300 لیرەیە (37.20 دۆلار) بۆ هەر لیترێك، لە وڵاتێكدا كە كەمترین مووچە بۆ 600 دۆلار بەرزبووەتەوە.

ئەو نرخانە كە لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا زیاترە، بوونەتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی كحولی نایاسایی و بڵاوبوونەوەی ئەو خواردنەوانە بە شێوەیەكی نایاسایی.

موستەفا ئەدیگوزێلی، پەرلەمانتاری پارتی چەهەپەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا وتی، ” ساڵانە لانیكەم 500 كەسمان گیان لە دەست دەدەن بەهۆی كحولی ساختەوە. ئەوە كۆمەڵكوژییە، ئەو كوشتنی خەڵكەكەیە بە كۆمەڵ و هۆكارەكەشی زۆریی باجە.”

وتیشی ” دەبێت باس لە گرانی بەرچاویی نرخەكانی كحول بكەین”.

ژەهراویبوون بە كحولی ساختە لە توركیا شتێكی باوە، كە لەوێ بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە كحولانە زۆر بەربڵاوە.

جاگین تان ئیرۆگلۆ كە بە هاوبەشی بەڕێوبەرایەتی ڕێكخراوێك دەكات، كە چاودێری سیاسەتە گشتییەكانی سەر كحول دەكەن، دەڵێت: ژمارەی گیان لە دەستدانەكان ” بەرز دەبنەوە ” لە ئەنجامی زیادبوونی باجدا.

ئۆفیسی فەرمانڕەوای ئیستەنبوڵ بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت ساڵی ڕابردوو 48 كەس لە ئیستەنبوڵ دوای خواردنەوەی كحولی ساختە گیانییان لە دەستداوە.

ئیرۆگلۆ وتی ” باجەكان ڕێگە بە حكومەت دەدەن پارەی ئاسان كۆبكەنەوە و هاوكات بە شێوەیەكی سیاسیی شێوە ژیانێك سەركوت دەكەن.”

وتیشی، ” بەڵام خەڵكەكە دەمرن بەهۆی سیاسەتی نابەرپرسانەوە كە بە ئاشكرا دیارە هۆكارەكەی ئایدیۆلۆژیایە.”

باج لەسەر ڕاكی، كە لە ساڵی 2002 دا خرایە سەری لەو كاتەدا كە پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان دەسەڵاتی گرتە دەست، لە ساڵی 2010 ەوە لە سەدا زیاتر لە 2,500 زیادی كردووە، ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەش ناتوانیت هۆكارەكەی تەنها بۆ هەڵاوسانی ئابووری بگەڕێنیتەوە كە نرخەكانی ناچار كردووە زۆر زیاتر بن.

ئۆزگور ئایباسی سەرۆكی ئەنجومەنێك كە نوێنەرایەتی دوكانەكانی تێكیل دەكات كە كحول دەفرۆشن دەڵێت ئەوەی لە توركیا ڕوودەدات لە هیچ وڵاتێكدا ڕوونادات، ” ئەمڕۆ دەتوانیت تەنانەت لە ڕێستۆرانتە بە ناوبانگەكانیش كحولی ساختەت دەستبكەوێت.”

وتی ” سیاسەتە خراپەكانی حكومەت هۆكاری سەرەكین بۆ مردنی خەڵكەكە.” وتیشی ئەو كەسانەی كە كحول دەخۆنەوە وەكو ” هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.”

دارایی عێراق لەسەر پلەبەرزكردنەوە و فەرمانبەرانی گرێبەست و هەژماری خزمەت بڕیاریدا
پێت دارایی عێراق لەسەر پلەبەرزكردنەوە و فەرمانبەرانی گرێبەست و هەژماری خزمەت بڕیاریدا
پێشكەشكارێك كرا بە وتەبێژی سەرۆكایەتی لوبنان
دوات پێشكەشكارێك كرا بە وتەبێژی سەرۆكایەتی لوبنان
پەیوەنیدر