مایكڵ ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ فەرماندەكانی هێزەكانی وڵاتەكەی و هەسەدە كۆبووەوە و هەڵسەنگاندن بۆ شەڕی داعش لە ناوچەکە كرا.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە، مایکل کۆرێلا سەردانی سووریای کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەتەوە، هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ شەڕی داعش و ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئێستا کردووە.
ئاشكراشی كردووە، کۆرێلا سەردانی کەمپەکانی هۆل و ڕۆژی کردووە، کە شوێنی مانەوەی 40 هەزار کەسن، کە زۆرینەیان خێزانی چەکدارانی داعشن و نیگەرانی خۆی لە دروستکردنی نەوەیەکی دیکە لەسەر هەمان بیرکردنەوەی داعش دەربڕیوە.
دەشڵێت: “زیاتر لە 9 هەزار دەستگیرکراوی داعش لە زیاتر لە 50 وڵاتی جیهانەوە لە زیندانەکانی هەسەدە-ن” کە بە “سوپای داعش ناویان دەبات”.
کۆرێلا ڕاشیگەیاندووە، کار لەسەر گەڕانەوەی ئەو کەسانە دەکەن بۆ وڵاتەکانی خۆیان و سێنتکۆم بەرپرسیارە لە شکست پێهێنانی تەواوەتی داعش و سەقامگیری ناوچەکە”.
سەردانەکەی کۆرێلا کۆتاییهێنانە بە گەشتە 9 ڕۆژەکەی بۆ هەریەک لە (بەحرەین، سعودیە، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی هاری ترومان لە دەریای سوور، میسر، لوبنان، ئیسرائیل، عێراق و ئوردن).