نرخی بەرمیلێك نەوتی ماڵانی كواڵیتی بەرز بە 145 هەزار دینارە لە كاتێكدا مانگی رابردوو بە 155 هەزار دینار بووە و هاوكات، نرخی بەنزینیش زیاتر دادەبەزێت.
بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی دەست بە ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان بكات و پێش كۆتایی ئەم مانگە یەكەم كاروانی بەنزینی عێراقی بگاتە هەرێم.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بڵاویكردۆتەوە: تا ئێستا نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر نزیکەی ملیۆنێک و 248 هەزار خێزان دابەش کراوە.
دەشڵێت: ئەم بڕەی دابەشکراوە دەکاتە ڕێژەی 88%ی کۆی نەوتی سپی دابەشکراو لە هەرێمی کوردستان.
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێم بەسەر هاووڵاتییان دابەشیکردووە بەرمیلێکی بە 104 هەزار دینارە و ئەوەش كاریگەری كردۆتە سەر نرخی بازاڕ و بەهۆیەوە نرخەكەی دابەزیوە بۆ 145 هەزار بۆ یەك بەرمیل و بڕیاریشە حكومەتی عێراقی بە نرخی 50 هەزار بۆ بەرمیلێك نەوت بۆ هەرێم بنێرێت.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ڕایگەیاندووە، لەهەوڵەكانمان بەردەوامین و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ بریكاری وەزیری نەوتی عێراق كۆبووینەوە و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە درا.
وتیشی، “بەدواداچوونمان بۆ گەیشتنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی كوردستان كردووە، كە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو بڕە نەوتە بگاتە هەرێمی كوردستان”.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە حكومەتی عێراقی دەست بە ناردنی بەنزینی هەرزان بۆ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، كە بە نرخی پاڵپشتی كراو دەبێت وەك ساڵانی ڕابردوودا لیترێكی بە 690 دینار دەدرێت بە شۆفێران و بەهۆیەوە نرخی بەنزینی بازرگانی زیاتر دادەبەزێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە سەرەتای ئەم مانگەدا نرخی بەنزینی بازرگانی 25 دینار بۆ هەر لیترێك دابەزی و هاوكات دەست كراوەتەوە بە پێدانی بەنزینی 750 دیناری، كە بە نرخی پاڵپشتی كراوی حكومەتی هەرێم دابەش دەكرێت.