شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان کۆبۆوە، و دەڵێت” حکومەتی فیدراڵ پابەند نییە بە خەرج کردنی پشکی هەرێمی کوردستان”.
وەزاەرتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنج شەمە 16ـی کانونی دووەمی ساڵی 2025، شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە شاری هەولێر کۆبۆوە، و تێیدا گرفتەکانی نێوان هەولیر و بەغدا خرایەڕوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێکی بەداتاو زانیاری و بەڵگەی فەرمی، لەسەر مێژووی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی داوە ، هاوکات ئاماژەی بەو سیاسەتی فشارو جیاکارییە کرد کە زیاتر لە 10 ساڵە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، وەزیری دارایی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانی لەگەل حکومەتی فیدراڵ لەساڵی ڕابردوو ڕونکردەوەو ڕایگەیاند هیچ ساڵێک حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبووە بە خەرج کردنی پشکی هەرێمی کوردستان، و لە پێنج ساڵی ڕابردودا پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتی عێراق لەکۆی زیاتر لە 845 ترلیۆن دینار، نزیکەی 73 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەنها ( 23،827،300،000،000 ) دینار لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا بۆ هەرێمی کوردتان خەرج کراوە.
وەزیری دارایی ڕاشیگەیاند، ئەو برەی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵ لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا خەرجکراوە دەکاتە ڕێژەی تەنها لە ( 32 ٪ ) شایستەی هەرێم و لە ( 2.81 ٪ ) کۆی بودجەی عێراق، ئەوەش لە کاتێکدایە زیاتر لە 4 ترلیۆن دیناری ئەو پارەیە بەقەرز لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار کراوە.