نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێم باسی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی دەکات و دەڵێت” خەڵکی خۆمان لە ڕۆژئاوا پێویستیان بە یەکڕیزی هەیە”.
فەتحوڵا حسێن، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان، بەدەنگی ئەمریکا ڕاگەیاندووە، سەردانی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بۆلای مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لەهەرێم، سەردانێکی ئاساییە و وەکو تریش پەیوەندی هێزەکانی سووریای دیموکرات پەیوەندیەکی پچڕاو نەبووە لەگەڵ پارتی و مەسعود بارزانی.
ئاماژەی بەوەشدا، فشارێکی زۆر لە ڕۆژئاوا هەیە بۆ یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە و نێردراوی ئەمەریکا و فەرەنساش لە ڕۆژئاوا بە ئاشکرا فشار بۆ یەکریزی کورد دەکەن کە یەک هەڵوێستی نەتەوەییی کوردی هەبێت، و چەند لایەنێکێکی کوردی نەبێت لە ڕۆژئاوا، ئەوەش یەکێکی ترە لەهۆکارەکانی سەردانەکە.
وتیشی، “وەک دەزانن کە پارتی پاڵپشتی هەندێک هێزی کوردی دەکات وەک ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی سووریا (ئەنەکەسە)، خەڵکی خۆمان لە ڕۆژئاوا پێویستیان بە یەکڕیزی هەیە، لەبەر ئەوە سەردانەکە ئاساییە. وەکو تریش پەیوەندی هێزی سوریای دیموکرات پەیوەندیەکی پچڕاو نەبووە لەگەڵ پارتی و مەسعود بارزانیش.”
وێرای ئەوەی کۆبوونەوەکە وەک هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوەی کورد و ڕێکخستنەوەی هەڵویستی سیاسی کورد لە سوریا دادەنرێت، بەڵام چاودێرێکی سیاسی ڕۆڵی تورکیا بە مەترسی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندیەکان و نزیکبوونەوەی ناوخۆی کورد بە گشتی دەزانێت.
جێی باسە، ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە بەڕای چاودێرانی سیاسی تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆئەوەی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوا تێک بدات، هاوکات تورکیا پەیوەندی ئابوری و دیپلۆماسی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە سووریا بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت، و نزیکەی مانگێکە هاوکاری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەخۆی دەکات هێرش بکەنە سەر هەسەدە.