فراكسیۆنی یەكێتیی لەئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك دژی تاپۆنەكردنی خانووە بێ تاپۆكانی كەركوك هەڵوێستی وەرگرت و ئەندامێكی ئەنجومەنەكە دەڵێت”بڕیارەکە لە دژی کەرکوک و کەرکوکییەکانە”.
د. ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لەفراكسیۆنی یەكێتی، بە سایتی فەرمی یەکێتی ڕاگەیاندووە، هەرچەندە تائێستا بڕیاری تاپۆنەكردنی خانووە زیادەڕۆو بێ تاپۆكانی كەركوك بەنووسراوی فەرمی نەگەیشتووەتە ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە، بەڵام هەر كەسێك لەپشت دەركردنی ئەو بڕیارەوەبێت بەتەواوەتی لەزیانی كەركوكییەكان كار دەكات، و وەك ئەنجوومەنی پارێزگاو فراكسیۆنی یەكێتی دژی دەوەستینەوەو هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕی دژی جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەگرینەبەر، چونكە ئەم بڕیارە لەدژی كەركوك و كەركوكییەكانە”.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەرزوو لەگەڵ لێپرسراوانی یەکێتی لە بەغدا چووینە سەر هێڵ بۆ بەدواداچوون و ڕێگریکردن لە جێبەجیکردنی ئەو بڕیارە، و د. خالید شوانی وەزیری دادی عیراق، هەوڵی جددی داوە بۆ ئەوەی لەو بڕیارەدا كەركوك لەپارێزگاكانی دیكەی عیراق جیانەكرێتەوە.
ڕوونیشیکردۆتەوە، ئەم هەوڵەی ئێمە بۆ ئەوەیە کە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک سوودمەندبن لە تاپۆکردنی خانووەکان چونكە لەدوای ساڵی 2003 ەوە زۆرێك لە خانووی گەڕەكە كورد نشینەكان بێ تاپۆ درووستكراون.
راشیدەگەیەنێت، “لەئێستادا چاوەڕوانی هاتنی لیژنەیەكی تایبەتمەندین كە لەبەغداوە بێت بۆ كەركوك و بەمەبەستی لێكۆڵینەوە سەردانی گەڕەكە بێ تاپۆكانی شارەكە بكات”.
بەگوێرەی هەواڵێك كە لەئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقدا بڵاوكراوەتەوە، بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی عێراق لەپشكی پارتی، لەكۆبوونەوەی رۆژی 12ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، دەقی بڕیارێكی وەزارەتەكەیانی خوێندووەتەوە كە ئیمزای خودی بەنگین رێكانی لەسەرەو تیایدا بڕیاریانداوە، لەسنووری هەموو پارێزگاكانی عیراق خانووە زیادەڕۆو بێ تاپۆكان لەسەر ناوی خاوەنەكانیان تاپۆ بكرێن، بەڵام ئەو بڕیارە بە تەنها هاووڵاتیانی پارێزگای كەركوك ناگرێتەوە.