وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێکی لەبەرژەوەندی مامۆستایانی گرێبەست دەرکرد و دەڵێت”مافیان پارێزراوە تا خوێندنەکەیان تەواو دەکەن”.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لەسەر داواکارى بەردەوامیان بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، گرفتى سەدان خوێندکارى خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا چارەسەرکرا، کە وەک وانەبێژ فەرمانى دامەزراندنیان بۆ دەرچووە.
بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەسەر راسپاردەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران رەزامەندى دا لەسەر ئەوەى ئەو خوێندکارانەی کە بە گرێبەست دامەزراون وەک وانەبێژ و لە ئێستادا قوتابى و خوێندکارى خوێندنى باڵان ماستەر یاخود دکتۆرا، مافیان پارێزراو دەبێت و لە خوێندن بەردەوام دەبن تاکو تەواوکردنى قۆناغى خوێندنەکەیان.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە فەرمانە وزارییەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیدا هاتوە، دواى تەواوکردنى خوێندنەکەیان ڕێکارەکانى بە گرێبەست کردن و دەستبەکاربوونیان بۆ ئەنجام دەدرێت بەو مەرجەى بەکردارەکى وانەبێژ بوبن و مەرجەکانى دامەزراندیان بە گرێبەست تێدابێت، واتە لە یەک کاتدا هەردوو مافى (خوێندن) و (دامەزراندنیان) پارێزراو دەبێت.