سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی پێنجوێن دوای هەڵمەتی نەهێشتنی ڤایپ لە پێنجوێن هەڵمەتێکی نوێ ڕادەگەیەنێت و دەڵێت”هەڵمەتی نەهێشتنی ڤایپ لە کوردستان ڕادەگەیەنین”.
سەروەر کەریم کەریم، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی پێنجوێن، لە لیدوانێکیدا بۆ سایتی خەڵك- ڕایگەیاند، دوای هەڵمەتی نەهێشتنی ڤایپ لە قەزای پێنجوێن و نەمانی دیاردەی ڤایپ کێشان هەڵمەتێکی نوێ لە پێنجوێنەوە بۆ سەرتاسەری کوردستان ڕادەگەیەنین.
ئاماژەی بەوەشدا، لە پێشوتردا هەڵمەتێکی بەرفراوانمان بۆ نەهێشتنی ڤایپ لە قەزاکە دەستپێکرد، خۆشبەختانە دوای کارێکی زۆر و هاوکاری هاووڵاتیان و بەدەنگەوە هاتنی لایەنی پەیوەندیدار لە لیژنەهاوبەشەکان و پۆلیس و قائیمقامیەتی پێنجوێن و سەرجەم لایەنەکان، توانرا هەڵمەتەکە بە سەرکەوتویی بەڕێوە ببرێت، هاوکات سەرجەم دوکاندار و هاووڵاتیانیش بەدەم هەڵمەتەکەوە هاتن و توانرا ئەو دیاردەیە لە کێشان و فرۆشتنی ڤایپ لە پێنجوێن کۆتایی پێ بهێنرێت.
سەروەر کەریم، راشیگەیاند، لە ئێستادا سەرقاڵی هەڵمەتێکی تری هۆشیارکردنەوە و نەهێشتنی ڤایپ-ین لە سەرتاسەری کوردستان و کەمپینێک بەناوی هەڵمەتی نەهێشتنی ڤایپ لە کوردستان ڕادەگەیەنین، هاوکات ئەم هەڵمەتە بە چاودێری خودی قائیمقامی پێنجوێن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت و هاوکارانمان لە پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستپێدەکەین، و سەرەتا خوێندنگەکان ئاگادار دەکەینەوە و سەردانی مەیدانی دەکەین، بەمەبەستی گەیاندنی ئەم کەمپینە بە سەرتاسەری کوردستان.
جێی باسە، لەماوەی ڕابردوودا هەڵمەتی نەهێشتنی ڤایپ لە قەزای پێنجوێن، رەنگدانەوەیەکی سەرکەوتووی لە قەزاکەدا بەخۆیەوە بینی و بەپێی وتەی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی پێنجوێن، ئێستا دیاردەی ڤایپ لە قەزاکەدا بنبڕ کراوە و خۆشبەختانە سەرجەم فرۆشیارانی ڤایپ پابەندن پێوەی و هیچ کڕین و فرۆشتنێکی پێوە ناکرێت.