سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداری دەدات لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی و بانگەشەکانی تێوەگلانی کۆماری ئسیلامی لە هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ ڕەتکردەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دووپات کردەوە.
پزیشکیان وتی: “ئێمە لە شەڕ ناترسین بەڵام بەدوایشیدا ناگەڕێین. من بەتەواوەتی هیوادارم کە ئەو ڕووداوە ڕوو نەدات چونکە نەک هەر ئێمە، بەڵکو لە زیانی هەموو لایەنەکاندا دەبێت”.
پزیشکیان دەڵێت: “پرسەکە خودی گفتوگۆکان نییە، پرسی ئەو بەڵێنانەیە کە ئەنجامی گفتوگۆکانە و ئەبێ پابەندی بین؛ کاتێک کە ئێران لەگەڵ زلهێزەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی خۆی گفتوگۆی کرد، ئێمە پابەندی هەموو بەڵێنەکان بووین، بەڵام بەداخەوە ئەوە لایەنی بەرانبەر بوو کە پابەند نەبوو. ئێمە ئەو گومانەمان هەیە کە گرنگ نییە چەندە گفتوگۆ و دانوستان بکەین، ئەوان بەدوای ڕووخانی دەسەڵاتن نەک چارەسەر کردنی کێشەکان”.
سەرۆک کۆماری ئێران سەبارەت بە هەر جۆرە سەرکێشییەک لە دژی دامەزراوە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی جەختی کرد کە “ئێران بەدوای شەڕەوە نییە، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، ئامادەی بەرگری لە خۆیە، ناوبراو وتی: ئەوە سروشتییە کە ئێمە وەڵامی هەر جۆرە هێرشێک بدەینەوە. ئێمە لە شەڕ ناترسێین بەڵام بەدواشیەوە نین. هیوادرام ئەو رووداوە روو نەدات، چونکە لە زیانی هەموو ئەکتەرەکانە نەک هەر ئێمە”.
پزیشکیان لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا تۆمەتبارکردنی وڵاتەکەی لە هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، “ئێران هەرگیز بەرنامە و ئامانجێکی بۆ تیرۆری دۆناڵد ترەمپ نەبووە و لە ئەو بارەوە هەوڵی نەداوە و لە داهاتووشدا نایدات. ئەوەی کە لە ئەو بارەوە بیستراوە گەڵاڵەیەک لەلایەن ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەوە بۆ پەرەپێدان بە دوژمنایەتی لەگەڵ ئێرانە”.