حکومەتی عێراق بێ گوێدانە ناڕەزاییەکانی حکومەتی هەرێم، یاداشتێکی لێتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای “بی پی” بەریتانی واژۆ کرد بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەری پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و دەوروبەری.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە دوێنێ شەو بە ئامادەبوونی حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوت، یاداشتێکی لێتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای “بی پی” بەریتانی واژۆ کرا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەری پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و دەوروبەری.
ڕوونیشیکردەوە کە یاداشتەکە تایبەتە بە چوار کێڵگەی کەرکووک و عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتی نەوتی باکوور بە نوێنەرایەتی عێراق یاداشتەکەی واژۆ کرد.
ڕاشیگەیاند، پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک دەدرێتە کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم، ئەویش لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان نەوت و گاز لە کێڵگەکاندا.
ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە تەنها دوو ڕۆژ دوای ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت کە داوای کردبوو کێڵگەکانی ناوچە دابڕیندراوەکان بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەببرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە: “بەپێی مادەی 140 دەستووری عێراقی فیدڕال بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات. چ پێش ئەم ڕێکەوتە، چ لەو بیست ساڵەی ڕابردوودا، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە”.
ڕاشیگەیاند، “بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115 ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی ڕەها و تاکلایانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات. هەروەها مادەی 112، ئاماژە دەدات حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەری هەن”.
ئەوەشی خستەڕوو کە “بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) ڕێکبکەوێت. حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم ڕێکەوتنانە بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریيەکانی خۆی دزیوەتەوە”.
حکومەتی هەرێم ڕاشیگەیاند: “بە مافی دەستووريی خۆی دەزانێت، بە هەموو ڕێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێت، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستوریيەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک”.