لە ماوەی مانگی ڕابردوودا نرخی بەنزین 25 بۆ 50 دینار دابەزی و بڕیارە دوای ناردنی بەنزین لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە نرخەكەی زیاتر دابەزێت.
بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی دەست بە ناردنی نەوت و سپی بۆ هەرێمی كوردستان بكات و پێش كۆتایی ئەم مانگە یەكەم كاروانی بەنزینی عێراقی بگاتە هەرێم.
ئەو بەنزینەی عێراق دەینێرێت، بە نرخی پاڵپشتی كراو دەبێت وەك ساڵانی ڕابردوودا لیترێكی بە 690 دینار دەدرێت بە شۆفێران و بەهۆیەوە نرخی بەنزینی بازرگانی زیاتر دادەبەزێت.
بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە بەرپرسانی نەوت و كانزاكان لە سلێمانی، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، تاكو ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراوی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق نەگەیشتووە، هەرچەندە بڕیارە لەم هەفتە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵەوە بڕێک لە نەوتی سپی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت”.
ڕاشیگەیاند، ئەو نەوتەی عێراق دەینیرێت “زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان کە تەنها بەشی لە 19٪ی پێویستی خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە”.