بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كۆدەبێتەوە و داوای لێدەكات بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ مووچە و هاوتاكردنی خانەنشینی و “هەژماری من” لە بانكە ڕێگەپێدراوەكان جێبەجێ بكرێت.
ڕێباز حەملان، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دوو شەممە 2025/1/13 لە بەغدا سەردانی حاكم فائق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقی كردووە و دەڵێت: زۆر بە وردی باسی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدادم بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری كرد.
ڕاشیگەیاندووە، لەسەر بودجە و مووچە و هەناردەكردنەوەی نەوت و داوام لە جەنابیان كرد هاوكار و هەماهەنگ بێت بە پێی دەستوور و بە پێی یاسای بودجە و تەرخانكراوی هەرێم و بەپێی بریارەكانی دادگای فیدراڵی لەسەر مووچە و هاوتاكردنی خانەنشینی و تۆماركردنی فەرمانبەران و مووچەخۆران لەو بانكانەی لە هەرێمی كوردستانن و مۆڵەتی بانكی ناوەندی عێراقیان هەیە.
دەشڵێت: داوام كرد بریارەكانی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەم پرسانە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و مافی مووچەخۆرانی هەرێم تێكەڵ بە بابەتی تر نەكرێت.