*مەعروف مەجید
گرفت و کێشەی پاڵاوگە نایاساییەکان و موەلیدەی ماڵان و شوێنە گشتییەکان و ئۆتۆمبێلی گرفتدار، مێژووەکەیان بۆ چەندین ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنەوە.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ئێمە کردوومانە و پشتمان بە ئاماری چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن بەستووە، لە ماوەی ساڵانی ۲۰۱٥-۲۰۲٥، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگاری هەولێر و دەستەی ژینگە، چەندین جار لەسەر هەمان باس و هەمان گرفت بڕیاریان دەرکردووە و هەموو جارەکانیش جەخت لە جێ بەجێکردنی کراوەتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە تا ئێستا سێ جار بڕیاری دەرکردووە بەڵام هیچ کام لە بڕیارەکان جێبەجێ نەکراون.
ساڵی ۲۰۱٥، یەکەم بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ داخستنی پاڵاگە نایاساییەکان دەرچوو. وەزارەتەکە ڕایگەیاند، ٤۰ پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان هەن ڕۆژی ۳ۍ حوزەیرانی ۲۰۱٥ دوا ڕۆژیانە و سەرجەمیان دادەخرێن و تەخت دەکرێن.
ساڵی ۲۰۱٨ جارێکی دیکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بڕیاری داخستنی بۆ پاڵاوگە نایاسییەکان دەرکرد و ماوەی ٦۰ ڕۆژی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دیاریکرد.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دوای بێ ئومێدبوون لە جێبەجێکردنی دوو بڕیارەکەی پێشووی، ساڵی ۲۰۱۹ بڕیارێکی نوێی بۆ داخستنی پاڵاوگەکان دەرکرد، وەزارەتەکە ڕاگەیاند، ۱٦۹ پاڵاوگەی نایاسایی هەن، پێویستە سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی ھەرێمی کوردستان دابخرێن و سەرجەم کەلوپەلەکانیشیان کۆبکرێنەوە.
ڕۆژی ۲۱/٤/۲۰۱۹ د. سامی جەلال سەرۆكی لیژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند “بەفەرمی و بەفەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری “لابردنی” پاڵاوگە نایاساییەكانی دەركردووە و بۆ ئەم مەبەستەش ھێزێك پێك هێندراوە و بۆ ئەوەی بەزوترین كات دەست بە لابردنیان دەكرێت.
ڕۆژی ٨ی شوباتی ۲۰۲۱ مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واژۆی لەسەر فەرمانی ژمارە ٤٨۳ کرد کە تایبەت بوو بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان.
دوای دەرچوونی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیران پاڵاوگەكان بە بێ ئەوەی ڕەچاوی هیچ بنەمایەكی پاراستنی ژینگە و تەندروستی بكەن بەردەوامیان بە کارکردندا.
ڕۆژی ٤ۍ ئابی ۲۰۲٤، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، لەپێناو ژینگەى پارێزگاکە، بڕیاریانداوە لەماوەى ۱۰ رۆژدا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانى پارێزگاکە دابخەن کە ژمارەیان ۱۳٨ پاڵاوگەیە.
کۆتا بڕیاریش ڕۆژی یەکشەممە ۲۰۲٥/۱/۱۲ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.
لەمبارەیەوە بڕیار درا؛
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، لەگەڵ سێ بڕیاری تر.
“لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ۱۹۲ پاڵاوگە هەن، بەشێوەو ژمارەی جیا بەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و تەنها ۳ لەو پاڵاوگانە یاسایی و فهرمین، ئەوانیش پاڵاوگەکانی( کار، قهیوان، تاوکێن)، لهگهڵ ۲۳ موڵهت پێدراو.
لە سنووری پارێزگای ههولێر ۱٤۰ پاڵاوگەی نایاسایی هەن. بەرپرسان دەڵێن بەشێکی داخراون.
له سنووری پارێزگای سلێمانی ۲٤ پاڵاوگەی نایاسایی هەن، بەرپرسان دەڵێن هەموویان داخراون.
له سنووری پارێزگای دهۆک ۲٨ پاڵاوگەی نایاسایی هەن، تا ئێستا دیار نیە داخراون یا نا.
ئهمانه ماوەی زیاتر لە ۱۳ ساڵە، واتە لە ۲۰۰٨ ەوە به نایاسایی کاردەکەن”.
بەپێی وتەی بەرپرسانی باڵای حکومەت و ژینگە، گەورەترین هۆکاری پیسبونی ژینگە و هەوای شارەکان و پیسبوونی خاک و ئاوی ژێر زەوی دەگەڕێنەوە بۆ پاڵاوگە نایاساییەکان.
دواتر موەلیدە و ئۆتۆمبێل و پاشماوەکان و سوتاندنی دارستانەکان و چەند هۆکارێکی تر.
من دەمەوێ ئەو داوایە لە حکومەت و خودی سەرۆکی حکومەت بکەم، ئاخۆ هۆکاری چیە لە ماوەی ڕابردوودا، ئەم پاڵاوگانە نەتوانراوە دابخرێن، ئەگەر دەڵێن پێداویستی ناوخۆیی دابینکراون، ساڵ لە دوای ساڵ هەرێمی کوردستان گرفتی سووتەمەنی و بەنزین و غازی هەبووە، ئاخۆ ئەگەر بپرسین، خاوەنی ئەم پاڵاوگانە دەسەڵاتەکانیان لە سەرووی دەسەڵاتی ئێوەوەیە خۆ نیگەران نابن.
داواشتان لێدەکەم ڕاستەوخۆ خۆتان وەکو سەرۆک وەزیران چاودێری ئەم بڕیارە بکەن، کەسانی ماستاوچی دامەنێن دوای ساڵێکی تر بڕیارەکان جێبەجێ نەکرابێت و وەکو بڕیارەکانی ساڵانی پێشوو جێ بەجێ نەکرابن.
چەندین جار ڕێکخراوە ژینگەییەکان و دڵسۆزانی ژینگە داوای چارەسەری ئەم گرفتەیان لێتان کردووە، دڵنیابن لە دڵسوزیان بووە نەک دوژمنایەتی، بۆیە ئومێدەوارین ئەمە کۆتا بڕیار بێت بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە.
ئەگەر ژینگەیەکی خاوێنتان بۆ خۆتان و هاوڵایانی کوردستان دەوێ، دەبێ لە ئێستاوە کار بۆ ئەوە بکەن، کۆتایی بەم کارە نایاساییانە بهێنن، بیر لە برەودان بە کارەبای دۆستی ژینگە بکەنەوە کە هەڵکەوتەی کوردستان زۆر گونجاو و لە بارە هەم بۆ ووزەی خۆر و با، گرنگی بە هۆکاری گواستنەوەی گشتی بدەن و ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە هاوردە بکەن، باج و غەرامە بکەنە سەر مادە پلاستییەکان بۆ ئەوەی پاشماوەکان کەم ببنەوە، هەڵمەتی ساڵانەی ملیۆنان نەمام لە کوردستان ڕابگەیەنن، ئەو کات دڵنیابن ژینگەیەکی خاوێنمان بۆ فەراهەم دەبێت.
*سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە