پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، لەمڕۆوە هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخرێن و یەک پاڵاوگەی نایاسایی نابێت کار بکات.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: چاوپۆشی لە هیچ کەس ناکەن و “دڵنیابن بەرژوەندیی گشتی دەپارێزین، نەک بەرژەوەندیی چەند کەسێک”.
وتیشی: هەموو ئەو شوێنانەی کاری پاڵاوتن دەکەن، لە ئەمڕۆوە هەموویان دادەخرێن، یەک پاڵاوگەی نایاسایی نابێت کار بکات.
ڕاشیگەیاند: هەر کارگەیەک ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، دادەخرێت، جا هەرشتێک بەرهەم بهێنێت کێشەی خۆیەتی.
دەشڵێت: هەر شتێک ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، بە تووندی رووبەڕووی دەبنەوە.
پارێزگاری دهۆک ئەوەشی خستەڕوو: مۆلیدەکان دەبێت بکرێنە فیلتەر و بێدەنگ بکرێن. ئەوەی نەیکات، رێکاری بەرامبەر دەگرینەبەر.
ئەوەشی خستەڕوو: کۆنترۆڵکردنی ئەو سووتەمەنییە دەکرێت کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و دەبێت بەپێی کوالێتی بێت.
باسی لەوەشکرد: بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت لەناو سەنتەری شار ئاگر بکرێتەوە و سزای خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەش دەدەن کە ژینگە پیس دەکەن.