سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی بەریتانیا دەکات و بڕیارە ژمارەیەک ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنی بوارە جیاوازەکان لە نێوان هەردوولادا واژۆ بکرێت.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بلاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی هاوتا بەریتانییەکەی، سەردانی شانشینی یەکگرتوو دەکات.
بڕیارە سوودانی زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ شا چارڵزی سێیەم، پادشای بەریتانیا و کیێر ستارمەر، سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی حکومەتی بەریتانیا ئەنجام بدات و لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان و کەرتی بازرگانی کۆدەبێتەوە و ژمارەیەک سیمینار و دیالۆگیش لەگەڵ ناوەندەکانی توێژینەوە ئەنجام دەدات.
ڕوونیشیکردەوە کە سەردانەکەی سەرۆک وەزیران لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاسۆی هاریکاری نێوان عێراق و بەریتانیا دێت و ژمارەیەک ڕێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنیش لە بواەر جیاوازەکاندا واژۆ دەکەن بە تایبەتیش لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و ئەمنیدا.
لەو سەردانەدا ژمارەیەک وەزیر، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، پارێزگاری بەسرە و ژمارەیەک ڕاوێژکار و نوێنەرانی کەرتی تایبەت یاوەری سوودانی دەکەن.