بەهۆی بارینی بەفرەوە جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی کێلێ ڕاوەستاوە و ڕیگای زینی وەرتێ کرایەوە.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەمیدیای پارتی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر ڕێگای زینی وەرتێ پەکیکەوت و داخرا، ئەمڕۆ بە هەوڵی تیمەکان، رێگەی زینی وەرتێ کرایەوە و ئێستا هاونیشتمانیان دەتوانن هاتووچۆی پێدا بکەن.
هاوکات بەڕێوبەری گومرگی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، لەماوەی پێنج کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 20 سانتیمەتر بەفر لە مەرزی کێلێ باریوە و ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی ڕێگاکە بەڕووی هاتووچۆی بارهەڵگرەکاندا.
ئاماژەی بەوەشدا، ماوەی سێ مانگە هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەو کۆمپانیایە تەرخان نەکراوە کە ئەرکی خاوێنکردنەوەی دەروازەکەی لە ئەستۆیە، ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی دەروازەکە بەڕووی هاتوچۆی بازرگانیدا.
دەروازەی کێلێ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە دەکەوێتە سنووری شاری سەردەشت.