عەلی باپیر نامەیەك بۆ ئەحمەد شەرع دەنێرێت



سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان نامەیەك بۆ فەرماندەی گشتی بەڕێوەبردنی سووریا دەنێرێت و دەڵێت: ، خوازیارین گەلی كوردمان خۆشی لە بوون و مافەكانی ببینێ لە چوارچێوەی حوكمڕانیی داهاتوو لە ژێر سەركردایەتیی دانایانەتاندا.

عەلی باپیر لە نامەكەیدا بۆ ئەحمەد شەرع نووسیویەتی: ڕژێمی لەناوچوو نكووڵیی لە ناسنامەی گەلی كورد كرد و هاووڵاتییانی كوردی بێبەش كرد لە سادەترین مافی هاووڵاتییبوون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئومێدمان وایە ئەو كاروانە بەپیت و فەڕە بەردەوام بێت بۆ تەواوكردنی بەدەستهێنانی خواستەكانی گەلانی سووریا و، دەستەبەركردنی مافەكانی هەموو هاووڵاتییان بە عەڕەب و كورد و هەموو خەڵكی ئەو وڵاتە.

بۆ برای فەرماندە ئەحمەد شەرع
فەرماندەی گشتیی بەڕێوەبردنی سووریا
السلام علیكم ورحمە الله وبركاته
خۆشحاڵم كە ئەم نامەیەتان بۆ دەنێرم، پاش پیرۆزبایی لێكردنتان بە سەركەوتن بەسەر ڕژێمی دیكتاتۆریی فەوتاودا، ڕژێمی حوكمڕانیی بەششار ئەسەدی بەعسیی، ئەو ڕژێمەی كە خراپە و تاوانكاریی لە زەویدا بڵاوكردەوە و، تاڵاوی زەلیلیی و ڕیسوایی بە گەلانی سووریا چێژت بە هەموو پێكهاتەكانیەوە.

ڕزگاركردنی سووریا لە ژێر نیری ئەو ڕژێمە تاوانكار و خۆسەپێنەر و پێشێلكارەی مافی گەلانی سووریا، هەنگاوێكی گرنگە، بەڵكو بازدانیكی جۆرییە بۆ خەڵكی سووریا و، شۆڕشگێڕانی بە سەركردایەتیی ئێوە بەرەو ئازادیی، ئومێدمان وایە ئەو كاروانە بەپیت و فەڕە بەردەوام بێت بۆ تەواوكردنی بەدەستهێنانی خواستەكانی گەلانی سووریا و، دەستەبەركردنی مافەكانی هەموو هاووڵاتییان بە عەڕەب و كورد و هەموو خەڵكی ئەو وڵاتە، تاك تاك و پێكهاتەكان، مسوڵمانان و ئەوانی دیكەش، لەژێر چەتری سەروەریی یاسا و هاووڵاتییبوون.

ئێوە ئەمڕۆ – وەك لەلاتان ڕوونە – لە قۆتاغی بەڕێوەبردنی وڵاتدان كە جیایە لە قۆناغی شۆڕش، لەبەر ئەوە لە خوا “سبحانه وتعالی” دەپاڕێینەوە سەركەوتووتان بكات بۆ هەر شتێك كە لە سوودی ئایینەكەی و بەندەكانیدایە، لە بنیاتنانەوەی سووریایەكی گەشەسەندوو لەژێر سایەی حوكمڕانییەكی مسوڵمانانەی دادگەر، دوور لە خۆسەپاندنی پێكهاتەیەك بەسەر ئەوانی دیكەدا و، خوازیارین گەلی كوردمان خۆشی لە بوون و مافەكانی ببینێ لە چوارچێوەی حوكمڕانیی داهاتوو لە ژێر سەركردایەتیی دانایانەتاندا، وەك خوا “سبحانه وتعالی” دەفەرموێ: (ؤجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا ؤقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا)، واتە: (گێڕاومانن بۆ چەندان نەتەوەو هۆز تاکو پێك ئاشنابن)، بەڵام ڕژێمی لەناوچوو نكووڵیی لە ناسنامەی گەلی كورد كرد و، هاووڵاتییانی كوردی بێبەش كرد لە سادەترین مافی هاووڵاتییبوون، وەك: داڕنینیان لە ڕەگەزنامەی سووریی و، بەڵگەنامەی هاوسەرگیریی و نەڕەخساندنی هەلی دامەزراندنیان بەو بڕوانامە زانكۆییەی كە دوای چەندین ساڵ خوێندن بەدەستیان دەهێنا.

لە خوای پەروەردگار دەپاڕێینەوە كە سووریای نوێ و وڵاتی شام بپارێزێت لە بۆسەی پیلانگێڕان و پیلانەكانیان و، بیگەیەنێتە كەناری ئارامیی و سەقامگیریی.

والسلام علیكم ورحمە الله وبركاته
براتان
عەلی باپیر
سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان / عێڕاق

 

تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران زیاد دەكرێت
پێت تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران زیاد دەكرێت
سەرۆکی نوێی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان دیاریکرا
دوات سەرۆکی نوێی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان دیاریکرا
پەیوەنیدر