وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند ئەو نەوتەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت زۆر کەمە وهەر کاتێکیش گەیشت، دەست بە دابەشیکردنی دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، بڕیارە لەم هەفتەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵەوە بڕێک لە نەوتی سپی بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: “هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە تاكو ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراوی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق نەگەیشتووە، هەرچەندە بڕیارە لەم هەفتە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵەوە بڕێک لە نەوتی سپی بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت”.
ڕاشیگەیاند ئەو نەوتەی عێراق دەینیرێت “زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان کە تەنها بەشی لە 19٪ی پێویستی خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەشی خستەڕوو کە “ئەگەر ئەم بڕە نەوتەش دابین کرا بەچەند كاروانێک دەگاتە هەرێمی كوردستان و ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردن دەکرێت لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتیەکانی نەوت و کانزاکانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان”.