وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خواست لەسەر کارەبا بۆ زیاتر لە حەوت هەزار و 500 مێگاوات بەرز بووەتەوە، دەشڵێت، هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی كارەبا دایناوە، لە ڕێگەی سیستەمی پێوەری زیرەك و پرۆژەی رووناكی 24 كاتژمێری، دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە: لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر کارەبا حەوت هەزار و 500 مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا سێ هەزار و 500 مێگاواتە و لە کابینەی نۆیەم هەزار و 500 مێگاوات زیاد کراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا 460 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بووە و خواستی كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن و كارگە پیشەسازییەكانی دیكە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سیتییەكان لەسەر کارەبا زیاتر بووە.
باسی لەوەشکردووە: هاوکات نەخۆشخانەکان و پرۆژەکانی ئاو و دامودەزگا ئەمنیەکان و بەندیخانە و خاڵە سنوورییەکان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە، بۆیە تێکڕای کاتی پێدانی کارەبا لە ساڵی 2024دا 12:44 کاتژمێر بووە.
وەزارەتی کارەبا ئەوەشی وتووە: تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لەناو قەیرانی دارایی و کێشە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەکانی گاز و شوێنی کارکردنی کۆمپانیای دانەغاز، ئەوەندەی دیکە کاریگەریی نەرێنیان بۆ سەر بەرهەمهێنانی کارەبا دروست کردووە.
دەشڵێت: وەزارەتی كارەبا بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا وێڕای زیادكردنی ئەو هەزار و 500 مێگاواتە، تەنیا لە سێکتەری گواستنەوە زیاتر لە دەیان وێستگەی گواستنەوە و گۆڕین و مۆبایلی کارەبای لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان دامەزراندووە و بە درێژایی 350 كیلۆمەتر هێڵی کارەبای 132 كەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز و 33 كەی ڤی راكێشاوە و سەدان پرۆژەی دیكەی لە تۆڕی دابەشكردنی ناوخۆ بونیات ناوە و کارەبای گەیاندووەتە سەرجەم ناوچە و گوندە دوورە دەستەکانی هەرێمی كوردستان.
ئەوەشی وتووە: هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی كارەبا دایناوە، لە ڕێگەی سیستەمی پێوەری زیرەك و پرۆژەی رووناكی 24 كاتژمێری، دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت.