کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە بارەی پرسی مووچە لە شاری هەولێر دەستی پێکرد و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، کورد یەک دەست بێت بەغداد ناتوانێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی، ڕایگەیاند “ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی ئەو ڕەفتارەی ئێستە بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراویش نییە”.
وتیشی: “دەبێت ئێمە ئەم پەیوەندییە (پەیوەندیی هەولێر و بەغداد) ڕاست بکەینەوە؛ دەستوورێکمان هەیە و دەبێت پابەندی ئەم دەستوورە بین”.
ڕاشیگەیاند: ناکرێت کێشەکانمان تەنها لە مووچەدا کورت بکەینەوە.
باسی لەوەش کرد: “دادگای فیدراڵی، تەنها لە بەرژوەندیی حکومەتی فیدراڵی، بڕیاری دەرکردووە و هەرگیز بڕیارێکی دەرنەکردووە کە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تیادا بێت”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو: “دەبێت ئێمە لە ساڵی 2025 کارێکی وا بکەین لەو قەلەقە نەفسییە دەربچێت”.
“خەڵکی ئێمە موستەحەقی ئەوە نییە بەم شێوەیە تاعوملی لەگەڵ بکرێت، خەڵکی کوردستان موستەحەقی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەک هەموو خەڵکی دیکەی عێراق”، مەسرور بارزانی وای وت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی: “ئێمە داوای یەکسانی و مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و داوا دەکەین چ لە ئاستی ئیداری، چ لە ئاستی تەشغیلی بە هەموو جۆرێک، هەموومان، هەموو هەوڵێکی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین ئەم کێشە و گرفتانەی هەن ڕاست بکەینەوە و ئیتر پەیوەندییەکی تەندروست لە بەینی هەولێر و بەغداد دروست ببێت”.