ئەو پیاوەی کە بە “هەژارترین سەرۆکی جیهان” دەمانناسی ئاڵای سپی بەرزکردەوە، و خۆی ڕادەستی قەدەری شێرپەنجەکرد دوای ئەوەی نەخۆشییەکەی بەتەواوی جەستەیدا بڵاوبۆتەوە.
گۆڤاری بوسکوێدا بڵاویکردووەتەوە، خۆسێ موخیکا، سەرۆکی پێشووی ئۆرۆگوای لە ساڵی 2010 تا 2015، ڕایگەیاند، نەخۆشی شێرپەنجە زۆری بۆ هێناوە و چاوەڕوانی مردن دەکات.
مۆخیکا، کە دوای ماوەی 4 مانگی تر تەمەنی دەبێتە 90 ساڵ، دوای هەڵبژاردنی ڕەتیکردەوە لە کۆشکی سەرۆکایەتیدا نیشتەجێ بێت، هەروەها 90%ی مووچەی 4 هەزار دۆلاری خۆی بەخشییە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان لەکاتی سەرۆکایەتیدا، و لە کێڵگەیەکی بچووک لەگەڵ هاوسەرەکەی و سەگەکەی، هەروەها بە ئۆتۆمبێلێکی ڤۆڵکسواگنی ساڵی ١٩٨٧ کە خۆی لێخوڕیوە، مایەوە و ژیانی کرد.
سەبارەت بە نەخۆشییەکەی، 32 جار چارەسەری تیشکی ئەنجامدا و دواتر چارەسەری کیمیایی ئەنجامدرا، دوای ئەوە سەرەتا وەرەمەکە نەما. بەڵام دوو مانگ لەمەوبەر بە نەخۆشییەکی سەختتری جگەرەوە گەڕایەوە، و ڕایگەیاند“ ئیتر دەوەستم و ناتوقانم بەرگری بکەم، چونکە پیر بووم و چیتر بەرگەی چارەسەر و نەشتەرگەری ناگرم”.
دیدارەکەی گۆڤارەکە لەگەڵ خۆسێ موخیکا وەک ماڵئاوایییەک بوو لە گروپە سیاسیەکەی و لە ئۆرۆگوایەکان و وتی: ئەوەی من دەمەوێت ماڵئاوایی لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەم بکەم و لەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات منیان ناسیبوو، ئاسانە ڕێزیان لێبگرم ئەوانەی وەک ئێمە بیردەکەنەوە، بەڵام دەبێت فێربین کە بنەمای دیموکراسی ڕێزگرتنە لەو کەسانەی کە بیرکردنەوەی جیاوازیان هەیە.