قوباد تاڵەبانی: هەموو هەوڵێكمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیە



قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە کێشەی مووچە و بودجە و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ئاندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

قوباد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکانی بەشداری لەسەر بێت.

جەختیشیکردەوە کە حکومەتی داهاتوو دەبێت حکومەتێکی خزمەتگوزاربێت و کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کێشەی مووچە و بودجە و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێت. لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا بە گرنگی زانی کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکە گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگیی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پڕۆژەکانی فاوندەیشن هەب و فاوندەیشن لاب بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و خاوەن بزنسی بچوک و روونیکردەوە؛ ئامانجیان لەم پڕۆژانە دەرخستنی تواناکانی گەنجان و ئاستی بەشدارییان لە گەشەپێدانی ئابوری کوردستاندا بەهێزتر بکەن.

لەم چوارچێوەیەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پڕۆژەکەی بە گرنگ وەسف کرد و ئامادەیی خۆی و کونسوڵخانەی بەریتانیای بۆ هاوکاریکردنی پڕۆژەکە دەربڕی.

سەرۆکی شارەوانی ئاکدەنیز دەستبەسەر کرا و قەیوم دانرا
پێت سەرۆکی شارەوانی ئاکدەنیز دەستبەسەر کرا و قەیوم دانرا
دەیان هەزار پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەیان
دوات دەیان هەزار پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەیان
پەیوەنیدر