وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم چوونی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا ڕادەگەیەنێت و دەڵێت” بەشداری لە کۆبوونەوەی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق (ئیدارەی دەوڵەت) دەکات”.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و بەشداری لە کۆبوونەوەی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق “ئیدارەی دەوڵەت” بکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و سیاسییەکان بەجیا کۆبێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریداوە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ سەرکردە و دەسەڵاتداران و وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی عێراق ئەنجام بدات، بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و ئەو گرفتانەی لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەکرێت.
هاوکات وتەبێژی حکومەتی هەرێمیش ڕایگەیاندبوو، پرسی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق لەئەگەری بەردەوامبوون لە گرفت دروستکردن بۆ مووچە بەهێزە و لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردییەکان باس دەکرێت و داوای هەڵوێستی نیشتیمانی و یەکڕیزییان لێدەکرێت.