فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و وتی”گەر ئەمریکا بکشێتەوە داعش سەرهەڵدەداتەوە”.
جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هۆشداریی دا بە کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا لە ئێستادا دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”.
ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە لەسەر خاکی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەسەدە شەڕ دەکەن و ئەو هاوبەشییەش لە ساڵانی پێشوودا تا ڕادەیەکی زۆر بەشداری لە نەهێشتنی داعشدا کردووە.
عەبدی لە لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕایگەیاندووە، “بە کشانەوەی هێزێکی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی دەرگای گەڕانەوەی داعش بە کراوەیی دەهێڵێتەوە”.
عەبدی داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا کرد، بوون و مانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بپارێزێت و هۆشداریشیدا لەوەی کشانەوەی هێزەکانیان مەترسی گەڕانەوەی داعش دروست دەکات.
ڕوونیشیکردەوە، داعش دوای دەستبەسەرداگرتنی چەک لە ڕژێمی ڕووخاو ئەسەد، لە بیابانەکاندا هێزی خۆی زیاد کرد، هاوکات هێزەکانی هەسەدە بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و سوپای تورکیا لە ناوچەکە هۆکارێکی ترن بۆ بەهێزبوونی داعش.
هەروەها وتی کە “فاکتەری سەرەکی بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لەم ناوچەیەدا بوونی ئەمریکایە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، شانە نوستووەکانی داعش لەم ماوەیەدا پیلانیان داناوە بۆ لێدان لەو بەندیخانانەی کە دیلەکانی داعشیان تێدابووە، بەو پێیەی لە ئێستادا هێزە کوردییەکان سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانین لە ناوچەکەدا.
جەختیشی کردەوە کە “کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕەنگە شەڕێکی دیکەی ناوخۆی لێبکەوێتەوە، چونکە زۆرێک لە فراکسیۆنەکان هەڕەشە لە کورد دەکەن”.
ناوبراو داوای لە وڵاتانی ئەورووپایی کرد کە پاڵپشتی لە هێزەکانی هەسەدە بکەن ، چونکە “هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) تەنها بە ناوی گەل و هێزەکانی خۆیەوە شەڕی نەکردووە، بەڵکو بە ناوی وڵاتانی ئەوروپی دژی داعشیش شەڕی کردووە”.