ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق یەکەم فەرمانی دەستبەکاربوونی لە ساڵی نوێ دەرکرد و کوردێک کرایە بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەڵاحەدین.
ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، نووسراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا فەرمانی دەستبەکاربوونی بە ژمارە یەک لە 2ـی کانوونی دووەمی 2025 بۆ ئەمین عەزیز بەڕێوەبەری بە وەکالەتی دەستەی وەبەرهێنانی سەڵاحەدین دەرکرد، کە وەک بەڕێوەبەر دەستبەکاربێت، ئەمەش دوای هەشت مانگ لەبەڕێوەبردنی ئەو پۆستە بەوەکالەت.
ئەمین عەزیز، لە 23ـی نیسانی 2024 لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەسەر پشکی یەکێتی متمانەی پێدرا، بۆئەوەی ببێتە بەریوەبەر و لەو پۆستەدا دەستبەکاربێت.
ئەمین عەزیز، لە نێو 14 سەرۆکى دەستەى وەرهێنانى عێراق یەکەم کەس بووە، کە ئەو فەرمانى دەستبەکاربوونەی بۆ دەرکرا، و بۆ ماوەى پێنج ساڵ بەڕێوەی دەبات و دەکرێت جارێک مانەوەی لە پۆستەکەیدا درێژ بکرێتەوە.