وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتى عێراق کۆبۆوە و داوای خێراکردنی ڕێکارەکانی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان کرا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویکردەوە، بۆ پرسى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بروانامە باڵاکان، وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى عێراق کۆبۆوە.
بەپێی بڵاوکراوەکە، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوای لە محمود محمد عبد سەرۆکى ئەنجوومەنى ڕاژەى حکومەتى عێراق کردووە، پەرۆش و هاوکار بن لەگەڵمان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری شایستە بۆ گەنجان و سود وەرگرتن لە توانایان بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە هەردوولا ڕێگربین لە کۆچی هزرو تواناکانی گەنجان کە گرنگترین سەرمایەی وڵاتن و بەگرنگییەوە لە کێشەو گرفتەکانیان بڕوانین کە چەندین ساڵە بەهۆى قەیرانە یەک لە دوا یەکەکانەوە نەتوانراوە دابمەزرێن.
هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا دوپاتی کردەوە کە دەرچوە یەکەمەکانی زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا و دەرچوانى تر کەسانی زیرەک و سەرکەوتوو و بەتوانای وڵاتەکەمانن، هەموو ژیان و سەرمایەی خۆیان بۆ گەشەپێدانی لایەنی زانستی و ئەکادیمی تەرخان کردوە، بۆیە شایەنی دامەزراندن و هەلی کاری شایستە و سەقامگیری ئابورین.
لەلایەن خۆشییەوە سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتى عێراق ئاماژەى بە کاروبارە یاسایی و کارگێڕییەکانى ئەنجومەنى ڕاژەى عێراقى کردو ڕایگەیاند، هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەنجومەنی ڕاژەی هەرێمی کوردستان دەمانخاتە سەر ڕێچکەى چارەسەرى زۆرێک لەو بابەت و پرسە هاوبەشانەى لە نێوان هەردولادا هەیە و پێویستیان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن هەیە بەمەبەستى خزمەتکردنى بە دەرچوانمان و سود وەرگرتن لە تواناو پسپۆڕییەکانیان.
لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا بڕیار درا ڕێکارە یاسایی و کارگێری و تەکنیکییەکانى نێوان هەردولا خێراتر بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش کاری هەوبەشی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی بنەماکانی شەفافیەت و هەلی یەکسان و دادپەروەردا دەرفەتی کار بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان بڕەخسێنرێت.