وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بژاردەکانی بەردەم چارەسەرنەکردنی گرفتی مووچە دەخاتە ڕوو و دەڵێت”کشانەوە یەکێکە لە ئەگەرەکان”.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لە دیمانەیەکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردراوە ئەمساڵ گرفتی مووچە وەک ساڵی 2024 درێژنەکرێتەوە و هەنگاوی جدی بگیرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم پرسە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەکۆی دەنگ بڕیاردراوە و گفتوگۆ لەسەر کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەکرێت، هەرچەندە پرسێکی ئاسان نییە بەڵام مەحاڵیش نییە.
ڕوونیشیکردەوە، سودانی پێشتر پێی ڕاگەیاندین، گرفتی مووچەی سێ مانگی کۆتایی دروست نابێت، و پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو سێ مانگە دەنێرن، بەڵام لەکۆی 3ترلیۆن کە بڕیاربوو بینێرن کەمتر لە 2 ترلیۆنیان ناردووە، و تەنها 446 ملیاریان بۆ مووچەی مانگی 12 ناردووە.
پێشەوا هەورامانی ڕاشیگەیاند، داهاتی ناوخۆ ئەمساڵ نزیکەی 3ترلیۆن و 600 ملیاربووە، و نزیکەی 2 ترلیۆنی ڕۆشتووە بۆ بودجەی بەکاربردن، و 960 ملیارمان بۆ کورتهێنانی مووچە دابینکردووە، واتە یەک مووچەی ساڵی 2024 بۆ مووچە لەسەر ئەستۆی هەرێم بووە، ئەمە جگە لە مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست و بودجەی بەکاربردن و پرۆژەکان و خزمەتگوزاری.
پێشەوا هەورامانی ڕاشیگەیاند، ئێستا نازانین حکومەتی فیدراڵ بەپێی چی مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەکات، عێراق غەدر لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات نەک حکومەت، کاتێ خۆمان نەوتمان ئەفرۆشت خۆمان بە بەرپرسیار بەرامبەر خەڵک دەزانی، ئەوەی لەسەرشانی هەرێم بووە لە نەوت جێبەجێمان کردووە، حکومەتی هەرێم هەموو شتێکی خستۆتە بەردەستی عێراق کە بەپێی دەستوور حەقی نییە ئەوەیان پێبدرێت.
لەسەر هەناردەی نەوت، پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند، تورکیا داوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکات، و ئامادەیە و چی لەسەر شانی بێت دەیکات بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام بەغدا کەمتەرخەمە و خاوە لە بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کە خزمەت بە هیچکاممان ناکات.