بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دۆخی عێراق مەترسیدارە و ئەگەر لایەنەكان بەخێرایی بەخۆیاندا نەچنەوە دوای ئەم وەرزە پێدەچێت دۆخی عێڕاق ئاڵۆزتربێت و زیانمەندی سەرەكیش گەلی عێڕاقە، دەشڵێت،”خۆپیشاندانەكانی پێنجوێن نیشانەی شكستی حوكمڕانییە لەهەرێم”.
بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆ شەممە بەرواری 14/1/2023 بەرانبەر 21ی جیمادی دووەمی1444 ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی بەسەرپەرشتی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كۆبووەوە.
لە كۆبونەوەكە دۆخی عێراق تاوتوێكرا و ئاماژە بۆ ئەوەكرا، كە دۆخی عێراق مەترسیدارە و ئەگەر لایەنەكان بەخێرایی بەخۆیاندا نەچنەوە دوای ئەم وەرزە پێدەچێت دۆخی عێڕاق ئاڵۆزتربێت و زیانمەندی سەرەكیش گەلی عێڕاقە.
هاوكات ئەنجومەنی سەركردایەتی پشتگیری و پشتیوانی هاووڵاتیانی هەرێم بە گشتی و پێنجوێن بەتایبەت كرد و پێیانوایە خۆپیشاندان و داواكاری هاووڵاتیانی پێنجوێن لەم وەرزەدا نیشانەی شكستی حوكمڕانیە لە هەرێم، هاوكات داواشی كرد لایەنی پەیوەندیدار بەزووترین كات داوای ڕەوای هاووڵاتیای پێنجوێن بەتایبەت و هەرێم بە گشتی جێبەجێ بكەن.
بزوتنەوەی ئیسلامی پێی وایە دۆخی هەرێمی كوردستان هاوشانی عێڕاق ئاڵۆزترە و دووری نێوان لایەنەكانیش لە یەكتر هۆكاری سەرەكی قوڵبوونەوەی كێشەكانە، لەبەرئەوە داوادەكەین لایەنەكان بە دڵسۆزییان بۆ قەوارەی هەرێم لەلایەك و هاووڵاتیان لەلایەكی دیكە بەزووترین كات چارەسەری پێویست بۆ كێشەكان بدۆزنەوە، سڕكردنی گرفتەكانی هەرێم لەلایەن حوكمڕانەكانەوە گرفتەكان ئاڵۆزتر دەبن و لە مەودایەكی نزیكدا سەرهەڵدەدەنەوە.
لە بەشێكی دیكە كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی شورا دۆخی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی تاوتوێ كرد و دەستخۆشی و سوپاسی ئاڕاستەی سەرجەم مەكتەب و مەڵبەند و سەرجەم ئەندامانی بزووتنەوە كرد لەپای كار و چالاكی بەردەوامیان لە ئۆرگانەكاندا.