دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراق، ڕەتیدەكاتەوە پشكی حاجیانی عیراق بۆ وەرزی داهاتووی حەج دیاریی كرابێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن دەستەكەوە بڵاوكرایەوە”سامی مەسعودی سەرۆكی دەستەی باڵای حەج و عومرە، داوای لە وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە كردووە، پشت بە ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی عیراق ببەستن لەپێناو زیادكردنی پشكی حاجیانی عیراق بۆ وەرزی داهاتووی حەج، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە”.
دەستەی باڵای حەج و عومرە، داوای لە میدیاكان كرد، بەئاگابن لەكاتی گواستنەوەی زانیارییەكان بۆ ڕای گشتی و زانیارییەكان لە سەرچاوە فەرمییەكانەوە وەربگرن.
دەستەی باڵای حەج و عومرە لە هەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، پێوەند لەسەر بەساڵاچوان هەڵگیراوە لە ماوەی وەرزی حەجی داهاتوو، پشكی عیراقیش گەڕاوەتەوە بۆ ژمارەی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە 33 هەزار و 690 حاجی بوو.