ئاسۆ عەبدوللەتیف
عەممار حەکیم وەک سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، کاریگەر بە ئێران و دەوڵەتی وەلائی، لەم کاتە هەستیارەی عێراق و ناوچەکەو ئەگەرەکانی هاتنەوەی سوننەکان بۆ حوکمڕانیکردن و هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، سپێدەیەکی ساردی ساڵی نوێ ٨/١/٢٠٢٥ بەڵام گەرم و گوڕ لە جوڵەی سەربازی و سیاسی، دێتە هەڵەبجە بۆ دڵدانەوەو هەڵدانەوەی لاپەڕە کۆنەکانی جینۆساید لەسەر دەستی بەعسیە سونیەکان و سەردانی مینۆمێنتی شەهیدان و ماڵی کاک ئاراس عابید دەکات وەک خاوەنی زۆرترین قوربانی و ڕەمزی دیاری وارسی شەهیدی کیمیاباران لەسەردەستی ڕژێمێکی سوننی نەتەوەگەرای فاسید.
لەکاتێکدا دەزانین ئەوە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بوون وەک زۆرینەی پەڕلەمانی نەیانهێشت هەڵەبجە بەدەنگدانی فەرمی و یاسایی بکرێتە پارێزگاو قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەویەکانی بکرێتەوەو ئێستاش هەرخۆیان ڕێگری سەرەکین لەسەر ئەو کەیسە، وەلێ بەناچاریی پێویستیان بەکوردو کارەساتەکانی وەک هەڵەبجەو زامەکانی دەبێت بۆ مانەوەیان لەعێراق و کورد دەبێ لەو گەمەیە تێبگات و بزانێ مشاریان بۆ لەگەردنی هەڵەبجە ناوەتەوە، شیعەکان یاری دەکەن هەموو شتێکیان بیربچێ شین و گریان و کارەساتە جەرگبڕەکانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەعسیان بیرناچێ بەتایبەت هەڵەبجەو دوجەیل، بۆیە دەیانەوێ بەڕای گشتی و ئەمریکیەکان بڵێن ئەوەش فەرهەنگی خوێن و بیرەوەری و ڕابردوی ڕەشی سوننە تکریتیەکان.
کورد دەبێ بزانێ دەوڵەت بە زاکیرەی جەماعی و سەرمایەی ڕەمزیی میللەت و باوەشکردنەوە بۆ ئازارەکانیان دروست دەبێ نەک بە بیزنسی نەوت و باڵەخانەی بەرزی سیمبولیکیانەو هاتنی شاندەکان بۆ هەڵەبجە، ڕۆحی شەهیدانی هەڵەبجە باڵاتربێ.