فراکسیۆنی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی سیاسییە و داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات هەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئاسمانی تورکیاوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بڵاوکردەوە و تییدا هاتووە: “درێژکردنەوەی ئابڵوقەی ناڕەوای سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ماوەی شەش مانگی تر ئیدانە دەکەین”.
ڕاشیگەیاند، “ئەم بڕیارە هیچ پاساوێکی یاسایی و هونەری و خزمەتگوزاری و ئەمنی نییە و پێچەوانەی ڕێککەوتنامە و بنەما نیودەوڵەتییەکانە لە بواری فڕۆکەوانی مەدەنیدا و بڕیارێکی سیاسیە”.
فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: “نیگەرانین لەئاست بێدەنگی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و داوایان لێدەکەین بە ڕاشکاوی هەڵوێستیان ڕابگەیەنن و ڕوونی بکەنەوە لە ماوەی دوو ساڵدا کە ئابڵوقە لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سەپێندراوە چ هەنگاوێکیان ناوە. لەکاتێکدا چەند لیژنەیەک لە پەرلەمان و حکومەتەوە لەرابردوودا هاتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لە ڕاپۆرتەکانیاندا سەلماندوویانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هیچ گرفتێکی ئەمنی و خزمەتگوزاری و یاسایی نییە”.
شەوی دووشەممە، هەندرێن موفتی، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاند، تورکیا قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکردەوە.
قەدەغەکردنی گەشتەکان لە ئاسمانی تورکیاوە بۆ سلێمانی تا 6ی تەمووزی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی سلێمانیدا ڕۆژی 3ی نیسانی 2023 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە بە چەند قۆناغێک بڕیارەکە تا تەمموزی داهاتوو درێژکرایەوە.