بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی دوای پشووی زستانە ئەنجام بدات و پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت: لەم وەرزی یاسادانانەدا پڕۆژەی بودجە و ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا و نرخی دۆلار و گەندەڵییە گەورەكانی سپیكردنەوەی پارە لەپرسە گەرم و گرنگەكانن.
ئەمڕۆ شەممە 14ی كانوونی دووەم، پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی دوای پشووی وەرزی یاسادان ئەنجام دەدات و بەگوێرەی خشتەی كاری كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لەبڕگەی یەكەمدا سوێندخواردنی ژمارەیەك ئەندامی نوێی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، هەروەها دەنگ لەسەر ئەندامانی نوێی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان دەدرێت.
هەر بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای پەیوەندییەكان و زانیارییەكان، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری چوارەمی پرۆژەی وەبەرهێنانی پیشەسازی لە كەرتەكانی تایبەت و تێكەڵاو ئەنجام دەدرێت
لای خۆشیەوە، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەم وەرزی یاسادانانەدا پڕۆژەی بودجە و ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا و نرخی دۆلار و گەندەڵییە گەورەكانی سپیكردنەوەی پارە لەپرسە گەرم و گرنگەكانن.
وتیشی، “ئەمڕۆ پەرلەمان وەرزی نوێی یاسادانانی دەستی پێكردەوە، لەكاتێكدا خەڵك برسی و بێ خزمەتگوزارییە، نرخی دۆلار و شمەك و كاڵا بەرزە، گەندەڵی بەقەبارەی گەورە بەردەوامە، هێشتا دیار نییە هەرێم و بەغدا بەم ناكۆكی و پەرتەوازەییەوە بەچی دەگەن”.