وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئەو ئاگربەستەی پێشتر لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و تورکیادا ڕاگەیەندرابوو، بەردەوامە.
سابرینا سینگ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئاگربەستی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانی تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە نێوەندگیری و پشتیوانی ئەمریکا لە شاری منبج و دەوروبەری بەردەوامە.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە بەردەوام میلیشیاکانی سەر بە تورکیا هەوڵ دەدەن پەلاماری ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە بدەن، بەڵام شەڕڤانان بەرپەرچیان دەدەنەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامادەییان دەربڕیوە ببنە بەشێک لە سوپای نوێی سووریا و ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووش ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا ڕایگەیاند، لەگەڵ هەسەدەدا دانوستان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ئەوەشی خستەڕوو کە هێزەکانی هەسەدە دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری سووریا.