ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق هەنگاوەکانی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لە هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 دەخاتە ڕوو.
جەواد ئەل یەساری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، لە پەرلەمان کۆدەنگییەک لە ئارادایە و سەرقاڵی دروستکردنی لۆبییەکن بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشداوە، بە ئاشکرا ئەم مانگە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە و تا ئێستا زۆر فەرمانبەر هەن کە مووچەیان وەرنەگرتووە، هەروەها زانیاری هەیە لەسەر کەمیی پارەی کاش، بەڵام ئەم بابەتە دوێنێ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕەتکرایەوە.
وتیشی، “ئەم دواکەوتنە وای لە زۆرێک لە پەرلەمانتاران کرد کە هەنگاو بنێن بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی پشت دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، هیچ پاساوێک بۆ ئەم دواکەوتنە نییە، ئەم بابەتەش وایکرد فەرمانبەران ترسیان هەبێت لەوەی حکومەت نەتوانێت لە ماوەی دیاریکراودا مووچەی فەرمانبەران دابینبکات، ئەمەش کاردانەوەی سەبارەت بە مانگەکانی ئایندە دێنێتە ئاراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی لە بەیاننامەیەکدا داوای لێبوردنی کرد بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و وتی”هیچ گرفتێکی سیولە نییەو کێشەکە چارەسەر کراوە و بەردەوام دەبن لە دابەشکردنی مووچە”.