ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لێكۆڵینەوە لە كەموكوڕییەكانی پاركی هەواری شار لە سلێمانی دەكات، كە بە گەورەترین پاركی پارێزگای سلێمانی دادەنرێت و ژمارەیەكی زڤۆری هاووڵاتیان بۆ گەشت و بەسەربردنی كاتی خۆش و تەنانەت ئاهەنگ گێڕان ڕووی تێ دەكەن.
خەدیجە عەبدولجەبار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەكو لیژنەی شارەوانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سەردانی پاركی (هەواری شار)مان كرد بەمەبەستی بەدواداچوون.
وتیشی، “هەواری شار، كە گەورەترین باخچە و پڕۆژەی سەوزایی شاری سلێمانیە، بەداخەوە كەمتەرخەمیەكی بەرچاو دەبینرێت لەلایەن حكومەتەوە و كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفتیان هەیە لە ڕووی بەڕێوەبردن و خزمەتكردن و كەمی ستاف و كێشەی كەمی ئاو و زۆر كێشەی كەڵەكەبووی تر”.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەرجەم كێشەكانیانمان یاداشت كردووە و هەوڵی خۆمان ئەدەین لە سنوری تایبەتمەندی و دەسەڵاتی ئەنجوومەن تاوەكو لایەنی پەیوەندیدار بە جدی بەدەم چارەسەری كێشەكانیانەوە بێت پێش هاتنی وەرزی بەهار و گەرمای هاوین، لە پێناو پاراستن و فراوانكردنی درەخت و سەوزاییەكانی ناو پاركەكە و تەواوكردنی پێداویستییەكانیان.
لە دوای 14 ساڵ كاركردن لە پڕۆژەی پاركی هەواری شار، ڕۆژی یەك شەممە 22-5-2016 دەرگای پاركەكە بەڕووی هاووڵاتیاندا كرایەوە، كە لە سەر رووبەری 4400 دۆنم زەوی دروستكراوە، بەدووەم گەورەترین پارك هەژمار دەكرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە ئێستاشدا، جگە لە ڕۆژانی هەینی، كە قەرەباڵغییەكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، لە ڕۆژەكانی دیكەشدا هاووڵاتیان و گەشتیاران بەردەوام ڕووی تێ دەكەن و تەنانەت زۆرێك لە بۆنە و ئاهەنگەكانی وەك هاوسەرگیری و یادی لەدایكبوون و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەناو ئەو پارەكە ئەنجام دەدرێن.