كەسایەتیەکی ئاینی دیاری ڕۆژئاوای كوردستان هۆشداری لە ناتەبایی و یەکنەخستنی ڕیزەکانی کورد دەدات و دەڵێت”سەرجەم شۆڕشە کوردییەکان بەهۆی ناتەباییەوە شکستیان هێناوە”.
شێخ مورشید خەزنەوی، كەسایەتی ئاینی دیاری ڕۆژئاوای كوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز ڕایگەیاند، لەمێژوودا سەلمێنراوە، بەشێکی بنەڕەتی کۆی شکستی شۆڕشەکانی کورد بەهۆی ناکۆکی ناوخۆییەوە بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردەمەکە گۆڕاوە، کورد دەبێت ئێستا زیاتر لەجاران یەکگرتووبێت، دەبێت لە نێوخۆییدا ناکۆکییەکان وەلابنێت، ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریادا قۆناغێکی نوێ لە ئارادایە، دەرفەتی پشتیوانی دۆستەکانی هەیە، گەر کوردان لەم قۆناغەدا ناکۆکبن ئەوا دۆستەکانیان چۆن هاوکارییان دەبن، بۆیە لە ئێستادا یەکێتی کوردان ڕێککەوتنی سیاسی و ڕێکخراوەی لە هەموو کاتێک گرنگتر و کاریگەرترە.
خەزنەوی لەبارەی کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و ئەنەکەسە ڕایگەیاند، لە دوای ئەو کۆبوونەوەیە ئامادەکارییەکان بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش بۆ ڕۆشتنە دیمەشق لە ئارادایە.
وتیشی، لەم قۆناغەدا بە ئحاشکرا دەبینین دووژمن بۆ قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان هەموو کارێک دەکات، بۆیە دەبێت گەل پارتە سیاسییەکان و گەلەکەمان بە یەکێتی خۆیان ئاستەنگییەکانی دووژمن تێپەڕێنن و گرنگی ئەم قۆناغە باش هەڵسەنگێنن.
جەختیشیکردەوە، ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژەڤدایە، ئەم ناوچەیە کە سەردەمانێک بەشێکی بچووکی جیهان بووە، ئەمڕۆ بووەتە دەنگێک لە جیهاندا، سەرەڕای قەبارە بچووکەکەی، بەڵام شوێنێک بوو کە هەڵوێستێکی گەورە نیشان دەدا.