کاوە عەلەلی کەریم
هەرگیز وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان بوێری ئەوەیان نابێت بڵێن نەوت رۆژانە بە قاچاخ دەبرێت ، نەک زیاد لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل ڕۆژانە بەڵکو یەک تەنکەر ،
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو بێ جورئەتیە ئەمەیە:
بێ گومان ئەوانەی ئەو نەوتە دەبەن یان دەسەڵاتدارن! یان بە ئاگاداری دەسەڵاتداران دەیبەن!
ئایا ئەگەر وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان یان وەزارەتی دارایی بتوانن بڵێن قاچاخی هەیە بەڵام بە ئاگاداری بەرپرسێکی باڵای حکوومی یان حیزبی لە هەر زۆنێک ئەم کارە دەکرێت ، چی ڕوودەدات ؟
ئەگەر یاسا سەروەر بێت! بە پێی یاسای ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٢٠ :
١- هەریەکەیان زیندانی لە (٥- ١٠) ساڵ بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
٢- پێ بژاردن بە چوار هێندەی بڕی قاچاخیەکە دەبێتە داهاتی کۆتایی و دەچێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و خەزێنەی گشتی، واتە ئەگەر ٣٠٠ هەزار x ٣٠x٤ = ٣٦ملیۆن دۆلار ڕۆژانە پێبژاردن دەسەپێنرێت بەسەریاندا ئەگەر نەوت تەنها بە ٣٠ دۆلار ئەژمار بکرێت.
٣-لە هەندێک حاڵەتدا بەپێی یاسای تیرۆر ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٦ هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.
٤- تەنکەرەکان دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەفرۆشرێت و دەبێتە داهات و دەچێتە سەر خەزێنەی گشتی.
حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان ئەگەر خۆیان لەسەروو یاساوە ئەژمار ناکەن و پابەندن بە یاساکانی هەرێم پێویستە وەڵامیان هەبێت( ئایا داهاتی ئەو نەوتە ڕۆژانە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت یان حیزب یان کەسەکان! یان تەنها ئەمانە پڕوپاگەندەیە ! و زوڵمێکە! و شتی وا ئەسڵ و ئەساسی نییە! و قاچاخی چی! و نەوتی چی!)
بە بۆچوونی هەموو شارەزایان ، ڕۆژانە قاچاخی نەوت هەیە، حکومەت قسەی نابێت! و نایبیستێ! و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە لەیاسای ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٢٠ دیاریکراوە بۆ ئیجرائاتی یاسایی و ناردنی دۆسیەکانیان بۆ دادگاکان ناتوانن لە دادگاکانی هەرێم سکاڵا بکەن ، چونکە لە ژێر فەرمانی خۆیاندان ،کەواتە ڕێگای دادگاکانی دەرەوەی هەرێم جێگای دراسە و بیرکردنەوە دەبێت لە ئایندەدا..
بەندە لە ئایندەدا لەسەر ئەم پرسە ئەگەر وەڵامی ڕوون نەبوو وە ئەو داهاتە بەم شێوە نادیارە بێت و خەڵکی هەرێم سوودمەند نەبێت، پاش ڕاوێژ لەگەڵ شارەزایان لەبواری یاسایی ئەگەر بزانم لە دادگاکانی هەرێم سوودی دەبێت یان پاشان لە دادگاکانی دەرەوەی هەرێم ئەوا هەنگاوی پێویست هەڵدەگرم و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەم!