تانكەكانی ڕۆژئاوا پێش هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ڕووسیا دەگەن
لە ژێر ڕۆشنایی چاوەڕوانیی هێرشی نوێی ڕووسیا لە بەهاردا، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە خێرایی هەنگاو دەنێن بۆ پاڵپشتیكردنی ئۆكراین بە چەكی پێشكەوتوو كە پێشتر ڕەتیانكردبووەوە ڕەوانەی كیێڤی بكەن لە ترسی وروژاندنی مۆسكۆ، ئەمەش قۆناغێكی نوێی شەڕە لە ئۆكراین.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، وەزیری بەرگری فەرەنسا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، فەڕەنسا هیوادارە لە ماوەی دوو مانگدا تانكی شەڕی سوكی جۆری AMX 10-RC ڕادەستی ئۆكراین بكات.
لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا واشنتۆن بەڵێنیدا سیستمی مووشەكی “پاتریۆت” بنێرێت بۆ ئۆكراین، بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەكانی ڕووسیا، ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ كیێڤ، كە چەندین جار داوای لە ئەمریكا كرد ئەم سیستەمەی بداتێ.
لە ٥ی یەنایەر لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا دوای گفتوگۆكانی نێوان ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا باسیان لە گرینگی ناردنی سیستمی پاتریۆت بۆ ئۆكراین كرد.
بەپێی ڕاپۆرتێكی نیویۆرك تایمز، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریكا بەڵێنیان داوە بۆ یەكەمجار زرێپۆش ڕەوانەی بەرەكانی جەنگی ئۆكراین بكەن.
لە دوای ئەوە ئەڵمانیا ڕایگەیاند كە لە چارەكی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٣دا ٤٠ زرێپۆشی ماردەر بۆ سوپای ئۆكراین دەنێرێت.
بەپێی هەواڵێكی “ئاژانس فڕانس پرێس”، ئەمریكا ئۆتۆمبێلی شەڕكەری برادلی دەنێرێت كە تۆپێكی ئۆتۆماتیكی ٢٥ ملم و دۆشكەیەكی ٧.٦٢ ملم و مووشەكی دژە تانكی تێدایە و ئەڵمانیا زرێپۆشی ماردەر بە تۆپێكی ٢٠ ملمەوە دەنێرێت.
ئێستا پێدەچێت بتوانرێت تانكی ڕۆژئاوای مۆدێرن زیاد بكرێت بۆ لیستی چەكی بەهێز كە دەنێردرێت بۆ كیێڤ، لەكاتێكدا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەرگری زیاتر دەكەن لە ئۆكراین بەتایبەتی كە سوپاكەی پێشكەوتنی چاوەڕواننەكراوی بەدەستهێناوە و بەرگەی دەستدرێژییە یەك لە دوای یەكەكانی ڕوسیای گرتووە، بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز.
فشارەكان لەسەر ڕاوێژكار ئۆلاف شۆڵز زیادیان كرد لەگەڵ ڕاگەیاندنی پاریس لە گەیاندنی تانكی شەڕكەری سوكی AMX-10 RC كە لە فەڕەنسا دروستكراون بۆ ئۆكراین.
هەروەها كیێڤ داوای تانكی لیۆپارد ٢ دەكات لە بەرلینەوە بە تۆپێكی بەناوبانگی جیهانی ١٢٠ ملم، كە ئەڵمانیا ڕەتیدەكاتەوە.
…