لوقمان غەفوور
کاتێک ئەمریکییەکان لەنێو ماڵەکانیاندا سەرقاڵی کریسمیسن، کەچی ئەو راپۆرتانەی کە ئەمشەو ٢٤ی دیسێمبەر لە میدیای ئەمریکییەوە پەیتا پەیتا بەرگوێیان دەکەوێت، بریتییە لەسەر پەیوەندی خراپی نێوان تورکیا و ئیسرائیل و ئاماژەن بۆ مەرگی نزیکوەخت و تێکچوونی ناوخۆی تورکیا.
ئێم بی سی نیوز لەسەر زاری شیکارێکییەوە بێ دوودڵی وتی؛ “ئەمریکا ئەگەر بژاردەی بێتە بەردەم، ئەوە بەوپەڕی دڵنیاییەوە ئیسرائیل هەڵدەبژێرێت”.
تەنانەت هەندێک راپۆرت ئاماژە بەوەدەدەن کە ناتۆ بیرلەوەدەکاتەوە کە بنکە ئەتۆمییەکەی لە تورکیا بگوازێتەوە.
تورکیا لەسەردەستی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەدۆخی شەڕکردنی بێسوود و ماڵوێرانکەردایە، لەلایەک دژی ئیسرائیل لێدوان دەدات، لەلایەکی دیکە دژی کوردەکانی سووریا وەستاوەتەوە.
ئەڵمانیا هۆشداری دایە تورکیا لەسەر هێرشکردنە سەر هێزە کوردییەکان لە سووریا و ڕایگەیاندووە کە تورکیا لە رووداوەکانی ئەم دواییە پێدرێژی زۆر دەکات.
ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، داعش، تاکە سوودمەندن کاتێک تورکیا دژی کوردەکان لە سووریا دەوەستێتەوە، هێزە کوردییەکان ڕۆڵێکی دانەبڕاویان لە تێکشکاندنی داعشدا هەبووە.
فۆکس نیوز لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی؛ “نیگەرانییەکان لە سەر سەرهەڵدانەوەی (داعش) لە سووریا بەردەوامە و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە و زیادبوونی هێرشەکان لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)ی هاوپەیمانی ئەمریکا زیادی کردووە.
ڕەنگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕووبەڕووی خولێکی دیکەی دژایەتی ئەو گروپە توندڕەوانە بێتەوە. ئەمریکا ترسی لەوەهەیە، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕووبەڕووی واقیعێک دەبێتەوە کە تێیدا ڕەنگە ناچار بێت هێز و توانای خۆی لە نێوان داعش و ئەو هەڕەشانەدا دابەش بکات کە لەلایەن تورکیاوە بەسەریدا دەسەپێندرێت.
هەروەها ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزە ئۆپۆزسیۆنە سورییەکانی سەر بە تورکیا، لە باکووری سووریا لە نزیک شارۆچکەی مەنبج، رۆژی ٢٢و ٢٣ی دیسێمبەر بە دەرزەن چەکداریان لێ کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە تەنیا ٧ کیلۆمەتر ماوە بۆ کۆنترۆلکردنی مەنبج.
شکاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەسەدەو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریی سەربە تورکیا، کە بە نێوەندگیری ئیدارەی بایدن سازدرابوو، لەکاتێکدایە ئەمریکا و هێزەکانی هەسەدە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و سەقامگیری زیاتری ناوچەکە ئامادەدەکەن.
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕۆژی ٢٢ی دیسێمبەر بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، “تاکە نیگەرانی گەورە”ی ئەو گەڕانەوەی داعشە، کە لە ساڵی 2019ەوە شکستیخواردووە.
ئەمریکا بە ئاشکرا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بە دۆست و نەیارەکانی وتووە، ئەولەویەت لای ئەمریکا لەسووریا سێ تەوەرەیە، پشتگیری کوردەکان، سەقامگیری ئاسایشی سنوورەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریا، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئیدارەی تازەی سووریا و رووبەڕووبوونەوەی داعش لەناوچەکە.
مایک والتز، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکاوە وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کاندیدکرا، ڕۆ ژی ٢٣ دیسێمبەر ڕایگەیاند، ئەمریکا کۆنترۆڵکردنی (داعش) و دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانی ئیسرائیل و لەنێویاندا پەیوەندی سیاسەتی نوێ بەرامبەر سووریا، دەکات.
ترەمپ والتزی بۆ پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی هەڵبژارد، کە بەنەیاری سەرسەختی ئێران دادەنرێت و بڕیارە لە ٢٠ی جێنیوەری بە فەرمی دەست بە کارەکانی بکات.
لە چاوپێکەوتنێکدا ڕۆژی ٢٤ی دیسێمبەر لەگەڵ بین شاپیرۆ شرۆڤەکاری کۆنسەرڤاتیڤ، واڵتز وتی؛ “مانەوەی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی هەسەدە کە کوردەکان سەرکردایەتی دەکەن، لە کارە یەکەمینەکانی ئەمریکایە. ئەوان ئێستا پاسەوانی هەزاران زیندانی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان دەکەن لە کەمپەکانی زیندان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
والتز لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی: “دەیان هەزار چەکدار و بنەماڵە لە کەمپەکانی زینداندا دانیشتوون کە لەلایەن دۆستانی کوردمانەوە پاسەوانی دەکرێن، ئەبێت تورکیا دڵنیابێت رێگەنادەین زیان بە کوردەکان بگەیەنێت”.
نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش و 40 هەزار کەسی دیکەی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستبەسەر کراون، دەستبەسەرکراوان لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بە سەرۆکایەتی کوردەکان پاسەوانی دەکرێن کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن.