مامۆستایانی ناڕازی هەوڵێكی دیكە بۆ تەوتین كردنی مووچەی فەرمانبەران لەڕێگەی بانكە فیدڕاڵییەكانی عێراقەوە دەستپێدەكەن و ڕایدەگەیەنن،
دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەبێت مەلەفی ململانێی سیاسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەو ململانێ ناشەریفەی لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی دەربهێنرێت.
ڕاشیگەیاند، هەموو هەوڵێكی ئێمە بۆ تەوتینی مووچەیە و لیژنەیەك پێكدەهێنین لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و كۆیە و كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان و بە گوڕوتینەوە لە خواردن و خواردنەوە ماندەگرین و دەمیی خۆمان دەدورینەوە تاكو تەوتین جێبەجێ دەكرێت.
وتیشی، “جێبەجێ كردنی تەوتین دەبێتە زامنی پاراستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەنێوان بەرداشی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی”.
بەردەوام مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوادەكەوێت و ساڵانە چەند مووچەیەك نادرێت و ئەوەش ناڕەزایی و بایكۆتی فەرمانبەران و مامۆستایانی لێكەوتۆتەوە و هەریەكە لە عێراق و هەرێم یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە كێشەی بەردەم مووچە.
لە ئێستادا، كە ساڵی 2024 بەرەو كۆتایی دەچێت، تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 11 و 12یان وەرنەگرتووە و سەرباری هاتنی زیاتر لە 600 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ مووچەی مانگی 11، بەڵام هێشتا دابەش نەكراوە و حكومەتی هەرێم دەڵێت: “كورتهێنانی هەیە”، بەڵام ئامادەش نییە بە داهاتی ناوخۆ پڕی بكاتەوە هەرچەندە داهاتەكەش ڕادەستی بەغدا ناكات.