وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی لەبەردەستایە، پێشبینی دەکەن بۆ پشووەکانی سەری ساڵ زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی ھەرێم بکەن.
ئیبراهیم عەبدولحەمید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، لەبارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ پشووەکانی سەری ساڵڕایگەیاند، “بە مەبەستی پێشوازیکردن لەو گەشتیارانەی کە پێشبینی دەکەین بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە شارەکانی ھەرێم بکەن بە مەبەستی بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ، لە سەرەتای ئەم مانگەوە لەسەر ھەردوو ئاستی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە”.
وتیشی: “کەرتی گشتی واتا ئەو ھەماھەنگییەی لە نێوان دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار وەک وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بازگەکان ھەیە کە ئاسانکاریییەکی ئێجگار زۆر پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن و لەماوەی کەمتر لە پێنج خوولەکدا تەواوی ڕێکارەکان بۆ گەشتیاران دەگیرێتەبەر و دەتوانن بڕۆنە ناو شارەکان، ھاوکات چەندین لیژنەی جیاواز بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی جیاواز لە ئیدارە و پارێزگا سەربەخۆکان پێکھاتوون”.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەکات کە بازگەکان دەتوانن ڕوویەکی جوانی ھەرێم نیشانی گەشتیاران بدەن ھەر بۆیەش لیژنەکانی پێشوازی لە بازگەکان دەبن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و لەمبارەیەوە وتی: “بازگەکان بۆ ئێمە زۆر گرنگ و ئاوێنەی شارەکانی ھەرێمی کوردستانن و دەمانەوێت لەوێیەوە دیووێکی جوانی پێشوازی میوانداری نیشانی گەشتیاران بدەین و تیمەکانمان لەوێیەوە بە پێدانی بڕۆشۆر و نەخشەی گەشتیاری لە پێشوازی میواناندا دەبن، ھاوکات لە سەنتەری شارەکانیش تیمەکان بەشێوەیەکی بەردەوام ئەو بنکە گەشتیاریانە بەسەر دەکەنەوە کە چالاکییەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت”.
لەبارەی پێشبینییەکانییان بۆ ھاتنی ژمارەی گەشتیاران بۆ ھەرێم، ئیبراھیم عەبدولمەجید وتی: “پار ساڵ بۆ پشووەکانی سەری ساڵ لەماوەی ھەفتەیەکدا نزیکەی ٢٠٠ ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێم کردبوو، بۆ ئەمساڵیش بە پشتبەستن بەو ئامادەکارییانەی کە ھەمانە، پێشبینی دەکەین زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن، لە پشووەکانی سەری ساڵ زۆرینەی گەشتیاران لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن بەڵام کۆی ساڵاکە دەتوانین بڵێین سەدا ٢٥ی ئەم گەشتیارانەی دێنە ھەرێم ئەوانەن لە دەرەوەی عێراقەوە دێن و پێیان دەگوترێت گەشتیاری نێودەوڵەتی”.
یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت، بابەتی نرخە و لەبارەی چاودێرییکردنی نرخەکانەوە، ئیبراھیم عەبدولمەجید وتی: “نرخ یەکێکە لەو بابەتانەی بەشێوەیەکی بەردەوام لە کاتی بۆنەکاندا ڕووبەڕووی ڕەخنە و ھەندێکجاریش سکاڵا دەبینەوە لەلایەن گەشتیارانەوە، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ھەنگاو گیراوەتەبەر، یەکێک لەو لیژنەی پێکھێنراوە ئەرکە سەرەکییەکەی بریتییە لە چاودێرییکردنی نرخ و بێگومان سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسایی دەبنەوە”.
لە ھەرێم، سێ ھەزار و ١٠٠ بنکە و ناوەندی گەشتیاریی ھەیە کە خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکەن و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانیان دەکەن، ھاوکات بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بەشێک لەو شوێنانەی بریتیین لە ٧١٤ کافتریا، ١٠ شاری یاری، ٥٨٩ ڕێستورانت، ٥٩٩ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، ٥٤ کۆمەڵگای گەشتیاری، ٤٦٠ ھۆتێل و ٢٨٢ مۆتێل.