نووچە و مووچە و قەوارەکەی هەرێم



شەپۆل عەلی ئەسكەری – چاودێری سیاسی

ئاسمان ئێستا وەها چەرخاوە جاهیل غاڵبە

گوربە و ڕێوی خەیاڵی مەرتەبەی شێران ئەکەن

چەن کەسێکی تازە پیاکەوتوو لە کوورە دەرچوون

پیاو کە چوو بۆ ئیش لە پێشا یۆقڵەمەی گیرفان ئەکەن

هەردەم چەرخ وا دەسوڕێ کە هەموو شتێک بخاتەوە شوێنی خۆی، پاشا بۆ تەختی پاشای و گاڵتەجاڕیش بۆ ناوەندی گۆڕەپانی سێرک و بەرەڵاش بۆ بەڕەڵاخانە .

لە هەرێمی کوردستان گەلی کورد بەدەردی ئەو مەڕانە چوون، کە بەدرێژایی تەمەنیان لە گورگ دەترسان ! بەڵام ئەوی کە ڕوویدا پێچەوانەی مەترسییەکانیان بوو، کاکی شوان ڕانە مەڕی نەهێشت بە ساغی.

١٠ ساڵە خەڵکی ئەم هەرێمە تاڵی و سوێری بێ مووچەی دەچێژن، بە پرت و بیانوی ئەوەی دەبێت قەوارەی هەرێم بپارێزین !

تەنها مێشک لە پاکەتەکاندا بڕوا بە نوکتەی پاراستنی قەوارەی هەرێم و پاڵەوانەکانی ئەم چیرۆکە دەکەن! نە بیری وورد و نە خەیاڵی بڵندی دەوێت، تەنها بە ئەندازەی پاساریەک مۆخ لە کەلەی سەرماندا بێت، دەزانین دوژمنی ڕاستەقینەی قەوارەی هەرێم و گەلە خێر لە خۆ نەدیوەکەی کێیە .

ئەو قەوارەیەی کە لە دێگەڵەدا لە ناوگەڵەوە لەلایەن باوانی خەباتکەری شاخەوە (نەک لەلایەن نەوەی هەرزەکاری بێ ئەزموونەوە) وەک قاشە کێک کرا بە دوو بەشەوە .

بەختی مکۆڕ و نێوچەوانی ڕەشی کورد لەوەدایە، کە دوژمنی ڕاستەقینەی قەوارەکەی ئەوانەن کە پێیان دەوترێت حکومەتی هەرێم .

لێفە لەسەر هەتیوو هەڵنادەمەوە ئەگەر بڵێم، دوژمنی هەرێم ئەوانەن کە نزیکەی ٣٥ ساڵە وەک مۆتەکە هەناسەیان لەم هەرێمە بڕیوە.

دوژمنی هەرێم ئەوانەن کە خراپەکار و تاوانبار و بێ توانا و ناشارەزا و ناشایستە هەڵدەبژێرن، پۆست و پلە و پایە بەسەریاندا دابەشدەکەن، بەهرەدارانە ئەم کارە ئەنجامدەدەن .

دوژمنی هەرێم ئەوانەن کە دەرکی قونی ئەم و ئەو چەورکردەکەن وەک کەڵەشێرەکەی شەماڵ صائیب بۆ ئەوەی قوڕوقەپ بکەن و نەقوقێنن .

ئەوانەن کە لەگەڵ کاری سیاسی و دەوڵەتداریدا خاوەنداری کۆمپانیا و بانک و پڕۆژەن، ئەوانەن کوڕ و برا و کەسوکاری خۆیان لە پۆستەکاندا جێگیردەکەن و ڕێگایان دەدەن ببنە پاڵەوانی میدیا و کۆمەڵگا .

ئەوانەن کە ٣٠ ساڵە لە ناوەندی هێز و بڕیاردا ماونەتەوە! ئابڕوو تکاوانەش بە ئیفلیجی و گۆجی و تەنانەت بە خڵەفاویش دەستەڵات جێناهێڵن، هێلم و سیکۆتینی نێوان قون و کورسیەکانیان تەنها بە سحری وەفاتنامە دەتوێتەوە .

دوژمنی هەرێم ئەوانەن، کە پەرلەمان و ڕۆژنامە و دەسەڵاتە جیاوازەکان و دام و دەزگا گشتیەکان و بانک و دامەزراوە ڕۆشنبیریەکان و تەنانەت خەیاڵ و خولیای هەژار و داماوەکانی ئەم هەرێمە بەکاردەهێنێن بۆ بەرژەوەندی خێڵ و خێزان، دوژمنی هەرێم ئەوانەن بوار دەڕەخسێنن بۆ ڕۆژنامەنووسی ئابڕوو تکاو ونوسەری ویژدان هەڕاجکراو.

دوژمنی هەرێم ئەوانەن کە تەبا و یەک ڕیزین لە سەر سنورەکان بۆ قاچاخچێتی، بەڵام ناڕێک و دووبەرۆکن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عەوام .

ئەوانەن کە حزب دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی تاپوول و بێ پارە نەبن یان ئاڵوگۆڕی پێ دەکەن بە پلە و پایە، دوژمنی هەرێم ئەوانەن کە شتەکان بە ناوی خۆیانەوە بانگ ناکەن !

بە دزیی دەڵێن کەم و کورتی، بە تاوان دەڵێن هەڵە، بە تاڵانکردنی موڵکی گشتی دەڵێن سوودمەندی !

دوژمنی هەرێم سەرکردەی بێ ئاگایە لە دام و دەزگاکانی خۆی، دوژمنی هەرێم ئەوانەن کە قەڵەمە ئازادەکان دەشکێنن و ڕەنگە جیاوازەکان بەقژ هەڵدەواسن و ڕاوبۆچوونە دژەکان دەخەنە کونجی بەندیخانە .

ئەوانەن کە لەم هەرێمەدا مووچەیان کردوە بە نووچە، ئەوانەن کە مووچەی پیرەمێرد و پیرەژنە جەرگ سووتاوەکانیان پێ دابین ناکرێت، لە کاتێکدا کاکەی بەرپرس و جەنابی بەڕێوەبەر و دادەی نوێنەری حکومەت و ئاغای موستەشار و عاشق و مەعشوقی ئەم و ئەو بە ڕاست و چەپ پارە و پوڵ و قوتی ئەم گەلە بەفیڕۆدەدەن .

دوژمنی هەرێم ئەوانەن، کە بە بەردەوامی دەڵێن گوناحی حکومەتی پێشووە ئیستاش گەندەڵ و دز هەیە! کە هێشتا قاچاخچێتی و بەهەدەردانی ماڵ و موڵکی دەوڵەت بەردەوامە ! کە نوێنەری حکومەت هەیە ١٥ ساڵە لە پۆستەکەی کەڕووی کردووە و بۆنی دایبیە دانەکراوەکەی مێشکی دۆستەکانمانی کاس کردووە .

دوژمنی هەرێم ئەوانەن کە لەم کاتی بێ مووچەییەدا وەزارەتێکی تایبەت بۆ کوڕە نازدارەکەی دادەمزرێنێت و بودجە و مووچی بۆ کراوە دەکات لە سەر حیسابی فەرمانبەران و خانەنشینانی بێ دەرامەت.

دوژمنی هەرێم ئەوانەن کە دەڵێن: ئەم بارودۆخ و قەیرانە گوناحی دابەزینی نرخی نەوتە ! گوناحی کۆڤیدە ! گوناحی جەنگی ئۆکرانیایە! گوناحی بەغدایە !

ڕەحمەت لە گۆڕت ئەحمد مختار جاف کە دەڵێت :

جاهیلان بۆ ئیستیفادەی زاتی خۆیان ڕۆژ و شەو

لەم موحیتە مەنعی عیلم و سەنعەت و عیرفان ئەکەن

 

کونسوڵی ئێران: خوازیارین برەو بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەین
پێت کونسوڵی ئێران: خوازیارین برەو بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەین
‘ناوبانگ – سومعه’‌ی میدیایی، یا ئه‌جێندا و ئامانجی كاتیی؟
دوات ‘ناوبانگ – سومعه’‌ی میدیایی، یا ئه‌جێندا و ئامانجی كاتیی؟
پەیوەنیدر