پەرلەمانتارێک داوای پشکنینی DNA بۆ ڕووفاتی ئەنفالکراوان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت”داواکارین بودجەی بۆ تەرخن بکرێت”.
کاروان یاروەیس، بریاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێڕاق، بڵاویکردەوە، سوپاسی بەیاننامەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین، کە بەپەرۆشی و دڵسۆزییەوە بەبۆنەی دۆزینەوە گۆڕێکی بەکۆمەڵی ژن و مناڵی کورد لە بیابانی سەماوە هاوخەمی خۆی بە گەلی کورد گەیاندوە.
ئەو پەرلەمانتارە داوایەک ئاڕاستەی سودانی دەکات و دەڵێت”داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێڕاق دەکەین بڕیار بدات لەبارەی تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بە ئەنجامدانی پشکنینی DNA.
کاروان یاروەیس دەشڵێت”داوا دەکەین مووچەی وارسی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان و زیندانیانی سیاسی هاوتای حکومەتی فیدرالی بکرێ، و داواکارین بالوێزو نێردەی وڵاتان و ريکخراوە نێودەوڵەتیەکان بانگهێشتی بیابانی سەماوە بکرێن و ئەو تاوانە ناخهەژێنە بەچاوی خۆیان ببینن.
ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیامێكدا لە تۆڕی (X) هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو قوربانیانە دەربڕی کە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە سەماوە دۆزرانەوە، و وتی ساڵانێک بەسەر نەمانی دڕندەیی بەعس و ستەمکاری لەسەر سینەی عێراقیەکان تێدەپەڕێت، بەڵام بەڵگەکانی تاوانە دڕندەکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاشکرا دەبن و قەبارەی ئەو دڕندەییە دەگێڕنەوە، کە گەلەکەمان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بەسەریدا هاتووە.