لوقمان غەفوور – ڕۆژنامەوان
کاتێک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆکەکانی جیهان لە پاریس دانیشتبوو، ئەو هەموو سەرسامی خۆی لای کاتدراڵی نۆتردام بوو کە نۆژەنکرابۆوە، بەڵام لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامییەکانی سوریا بەڕێگاوەبوون بەرەو دیمەشق بۆ کۆتاییهێنان بە ڕژێمەکەی ئەسەد.
ترەمپ هێشتا لە وەرچەرخانە لەناکاوەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دەڕوانی، کەچی هەمان ڕۆژ له تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە (Truth) بڵاویکردەوه “سوریا فەوزایە و دۆستی ئێمەش نییه”، نووسیشی”ئەمریکا نابێت هیچ پەیوەندییەکی هەبێت”، وتیشی “ئەمە شەڕی ئێمە نییە، با گەمەی خۆیان بکەن، بەشدار مەبن”.
بەڵام ڕێک بە پێچەوانەی ئەم قسانەی ترەمپەوە، پێنتاگۆن ڕۆژی ١٩ی دیسێمبەری٢٠٢٤، بڵاویکردەوە کە ژمارەی سەربازەکانی بەرزکردۆتەوە بۆ دوو هەزار سەرباز، بەپێی نەخشەی دابەشبوونی سوپاکەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی سوریادان، ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکانی سوریادایە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ‘وۆل ستریت جۆرناڵ’ کاتێک ترەمپ داوای بینینی بەرپرسانی پێنتاگۆنی کردووە و پێی وتوون “زیادکردنی ژمارەی سەرباز بە پێویست ئەزانن؟” ئەوانیش پێیانوتووە لەم قۆناغەدا پێویستە و دەشێت لە ئایندەدا بکرێتە دوو هێندەش.
ڕۆژنامەکە هۆکاری زیادکردنی ١٢٠٠ سەربازی ڕووننەکردووەتەوە، بەڵام لە زۆری لێدوانی بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە، کە هێشتا ‘داعش’ لە ناوچەکە بوونی هەیە، هەروەک جەنەرال ‘پات ڕێدەر’ سکرتێری ڕۆژنامەوانی پێنتاگۆن دووپاتیکردەوە، لە ژێر ڕۆشنایی دۆخی سوریا و بەرژەوەندی بەرچاوی ناوچەکە بە باشمانزانی ئەو ژمارەیە زیادبکەین، بەڵام کەناڵی سی ئێن ئێن پێیوایە ئەو پۆستەی ترەمپ دەربارەی سوریا کە داوادەکات ئەمریکا هیچ پەیوەندی نییە بە سوریاوە و چەند لێدوانێکی تری ڕۆژانی دواتریش ئەوە بەبیر ئەنجومەنی پیران و ئەندامانی نوێنەراندا دەهێنێتەوە کە ئەو نایەوێت لەم تێرمەی سەرۆکایەتیدا دەستوەردان بکات لە سیاسەتی دەرەوە.
ىەپێی ڕاپۆرتێکی ‘واشنگتۆن پۆست’ ترەمپ ئەوەی بە کەسە نزیکەکانی وتووە کە بەنیازە تا بۆی بکرێت دەستوەرنەداتە کاروباری دەرەوەو بۆ خەڵکانێکی شارەزای جێهێڵێت.
‘گرێگ مایر’ ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکییە و پەیامنێری ئاسایشی نیشتمانی NPR ە و گرنگی بەهەواڵگری دەدات، پێش ئەوەی پەیوەندی بە NPR بکات، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ پەیامنێری دەرەوە بووە لە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس و نیویۆرک تایمز، ئەو لەمیانی نووسینێکدا دەڵێت “تەنیا کەمێک پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەیە کە ڕەنگە ڕۆڵی سەرەکی لە سوریای نوێدا بگێڕن، بە پلەی یەکەم کوردەکانن، چەندین ساڵە ئەمریکا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریا پچڕاندووە، بۆیە لەو کاتەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا داخراوە، ئەو سەربازانەشی کە لە سوریان لە ناوچە کوردنشینەکانن و دوورن لە پایتەختەوە”. وتیشی “لەگەڵ دەیڤید مەکلۆسکی، بەرپرسێکی پێشووی سی ئای ئەی قسەم کرد، کە ساڵانێکی زۆر لەسەر سوریا کاریکردووە، باسی هەوڵی دانانی نەخشەیەک دەکات کە چی بەسەر داهاتووی ئەو وڵاتەکەدا دێت”.
بەپێی قسەکانی مایر، پڕۆژەکەی مەکلۆسکی، لە ١٠ ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت و دەیگەیەنێتە کۆشکی سپی و سەرۆک، بە پێچەوانەی هەموو ئەم ڕایانە، جەنەراڵی خانەنشینکراو ‘ولیام جەی کینگ’ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ‘میلیتەری تایمز’ی چاپی ئێوارەی ٢٠ی دیسێمبەر، دەڵێت “ئەمریکا هیچ مەهامێکی نییە لە سوریا، جگە لە پاراستن و چەکپێدان بەکوردەکان نەبێت”، بە ڕۆژنامەکەی وتووە “ئێستا ئەوانەی کە شۆڕشیان کردووە لە سوریا دەتوانن لە هەموو هێزە بیانییەکان بپرسن، کە چ ئەرکێکیان هەیە لە سوریا بۆ نمونە ئێران، ڕووسیا، تورکیا ، بەتایبەتی ڕووسیا و ئێران ، چونکە کاتێک ئەم هێزە ئۆپۆزسيۆنانە دژی بەشار ئەسەد ئەجەنگین، فڕۆکەی ڕووسیا بۆردومانی ئەکردن، جەنەراڵەکانی ئێران پلانیان بۆ ڕژێمی ئەسەد دادەنا، کە چۆن ئەم هێزە شۆڕشگێرانە قەتلوعام بکەن”.
ئەو جەنەراڵە خانەنشینە پێیوایە لەدوای ئەوەی کوردەکان جێگە و پێگەی خۆیان لە سوریا جێگیرکرد و ئارامی بەسەر ناوچەکەیان زاڵ بوو، پێویستە سوپای ئەمریکا بکشێتەوە لە سوریا، چونکە بیرمان نەچێت، سوریا وەک عێراق یان کوەیت نییە کە ئەمریکا ئەو مافە نێودەوڵەتییەی بۆ تێدا دابینکرابێت.