وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ فەرماندەی پڕۆسە سەربازییەكانی سووریا بۆ ڕووخاندنی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد كۆبووەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێویستە “یەپەگە” دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوە و دەشڵێت: ئێمە نامانەوێت هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی سەربازی لە نزیک سنوورەکانمان ببینین.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێش كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع بۆ ئاژانسی (فرانس 24) وتی، “ئەگەر حکومەتی نوێی سووریا چارەسەری نیگەرانییەکانی ئەنقەرە نەکات سەبارەت بە هێزە کوردەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا، ئەوا تورکیا هەرچی پێویست بێت دەیکات بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی”.
ڕاشیگەیاندووە، “بژاردەی پەسەندی ئەنقەرە ئەوەیە، کە حکومەتی نوێی دیمەشق کێشەکە چارەسەر بکات لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەروەری و یەکپارچەیی سوریا” و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە یەپەگە دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوە.
وتووشیەتی، “هیوادارین حکومەتی نوێی سووریا ئەم کێشانە چارەسەر بکات ، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت بڵێم هێزە کوردییەکانی سووریا دەزانن ئێمە چیمان دەوێت”.
فیدان جەختیشی كردۆتەوە، ئێمە نامانەوێت هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی سەربازی لە نزیک سنوورەکانمان ببینین. نە هەڕەشەی ئێستا و نە هەڕەشەی شاراوە.