پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت هەرێمی کوردستان هۆکارە بۆ نەهاتنی بەشە بودجە و نەوت و بەنزینی هەرزان بۆ هەرێم و ئامادەش نییە نەوت و داهاتی ناوخۆ رادەست بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی نوێنەران، حکومەتی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبارکرد بەوەی هۆکارە بۆ ئەوەی بەغداد بەشە بودجە نەنێرێت و ڕایگەیاند، تا ئێستا حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ و داهاتی ناوخۆشی نەداوە بە بەغداد.
وتیشی، ئەگەر هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی نەوت و داهاتەوە پابەند بێت ئەوا بەغداد بەشە بودجەی بەکاربەر و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگەکان، هەروەها نەوتی 30 هەزار دیناری و بەنزینی 450 دیناریش بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
جەختیشکردەوە لەوەی هێشتا هەرێمی کوردستان پابەندنەبووە بە “تەوتینکردنی مووچە” کە بریتییە لە جێگیرکردنی مووچە لە بانکە حکومییە فیدراڵییەکان.
سۆران عومەر ئەوەشی خستەڕوو کە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان خوێندندەوەی یەکەم بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کراوە، بەڵام لەو بڕوایەدابوو کە ئەگەر کرێی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بشکرێت بە 16 دۆلار هەرێمی کوردستان پابەند نابێت بە ڕادەستکردنی بە بەغدا و وتی: “ئێستا هەموو پارەکە دەبات بۆ خۆی و نایدات بە بەغداد”.