سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی داعشیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکان و ھاریکاریی ھاوبەشەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە بوارەکانی سەربازیی و ئەمنییدا، پشتگیری و ڕۆڵی ھێزەکانی ئیتاڵیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ھەروەھا دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی داعش، تاوتوێ کراون.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیری و ھاوکاریی ئیتاڵیا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا، بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعشدا دووپات کردووەتەوە، ھەروەھا ئامادەیی و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ بڕەودانی زیاتر بە ھاریکاریی ھاوبەش و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەربڕیوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی وەک ھاوبەشێکی گرنگ، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا دەڕوانێت، بۆ ئەوەش لە ھەموو بوارەکاندا لە پشتگیری و ھاوکاریییەکانی بەردەوام دەبێت، ھەروەھا ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی تیرۆر و تێکشکاندنی داعشدا کردووە و ڕۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستانی لە ناوچەکەدا بەزر نرخاند.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا باسیان لە جموجۆڵ و ھەوڵەکانی خۆڕێکخستنەوەی داعش کرد و ھاوڕا بوون کە ھێشتا داعش مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و ھەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و سووریا و ناوچەکەدا دەکات، بۆیە بەردەوامی پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، بە پێویست زانیوە، ھەروەھا جەختیان کردووەتەوە لە گرنگی تێوەنەگلانی عێراق لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
هەر لە میانی کۆبووەکەدا، دەربارەی دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە و بەتایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا گفتوگۆکرا.